هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو بەردەوامە

لە کاتێکدا مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران دەڵێت، ئەنجومەنی باڵای رژێمی ئێران بڕیاری ڕاگرتنی هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی داوە، ڕۆژی شەممە هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب (ئیمارات)، عەرەبستانی سعودیە، بەحرەین و قەتەر ئەنجام دراوە.

ئیمارات:

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دوبەی کە یەکێکە لە قەرەباڵغترین فڕۆکەخانەکانی جیهان، ڕۆژی شەممە چەند جارێک کرایە ئامانجی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.

کەناڵی سی ئێن ئێن بڵاویکردووەتەوە، لەئەنجامی ئەو هێرشانەدا گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەکە ڕاگیراون. بەڵام دواتر ئۆپەراسیۆنە ئاساییەکانی فڕۆکەخانەکە دەستیانپێکردووەتەوە.

قەتەر:

وەزارەتی بەرگری قەتەر ڕایگەیاند، هێرشێکی مووشەکی بالیستیک ڕاگیراوە.

هێزە چەکدارەکانی ڕژێمی ئێران پشتڕاستیان کردەوە کە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئاراستەی بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە بەحرەین و قەتەر کراوە.

بەحرەین:

هەرچەندە ڕۆژی شەممە لە بەحرەین دەنگی ئامبولانس و سیستەمی فریاکەوتن بیستراوە، بەڵام سی ئێن ئێن دەڵێت هیچ هەواڵێک لەبارەی هێرشی مووشەکییەوە نەبووە.

سوپای بەحرەین ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی ڕژێمی ئێران بۆ سەر ئەو وڵاتە، 86 مووشەک و 148 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان خراونەتە خوارەوە و لەناوبراون.

سعودیە:

وەزارەتی بەرگری سعودیە ڕایگەیاند، لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ڕۆژی شەممە 16 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە بەرەو یەکێک لە گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕۆیشتن خراونەتە خوارەوە.

وەزارەتەکە سەرچاوەی هێرشەکەی بۆ سەر کێڵگەی نەوتی شێبا دیاری نەکردووە.