سەرۆک ترامپ: کۆمپانیاکانی بەرگری ئەمەریکا بەرهەمهێنانی چەکی پێشکەوتوو "چوار هێندە" دەکەن

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی لە حەوتەمین ڕۆژی شەڕی ئەمەریکا لەگەڵ ئێران، ڕایگەیاند کۆمپانیا گەورەکانی بەرگری ئەمەریکا ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی بەرهەمهێنانی چەکی پێشکەوتوو چوار هێندە زیاد بکەن.

سەرۆک ترامپ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث نووسیویەتی, "گەورەترین کۆمپانیاکانی بەرگری ئەمەریکا" ڕێککەوتوون لەسەر چوار هێندە بەرهەمهێنانی "چەکی ئاست بەرز" کە ئاماژەیە بۆ ئامێرە سەربازییە پێشکەوتووەکان.

سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها وتی وڵاتەکە "کۆمەڵێکی بێسنوور" لە چەکی ئاست نزمی هەیە کە ئێستا لە شەڕی ئێراندا بەکاردەهێنرێت.

سوپای ئەمەریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند لە هەفتەی یەکەمی شەڕ لەگەڵ ئێران زیاتر لە سێ هەزار ئامانجیان پێکاوە.

بەگوێرەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا کە بەرپرسە لە هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو ئامانجانە بریتی بوون لە ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ، سیستەمی بەرگری ئاسمانی، بنکەی مووشەکی، هەروەها کەشتییە دەریاییەکان و ژێردەریاییەکانی ئێران.