دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، "جگە لە خۆڕادەستکردنی بێ مەرج هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێراندا نابێت".
ترامپ لە تۆڕی تروث سۆشیاڵ ئەمڕۆ هەینی ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی ئێران ئەو جۆرە مەرجانە قبوڵ بکات و "سەرکردایەتییەکی مەزن و قبوڵکراو" هەڵبژێرێت، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی کاردەکەن بۆ یارمەتیدانی بنیاتنانەوەی ئابووری وڵاتەکە.
لە پەیامەکەدا ترامپ دەڵێت هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان یارمەتیدەر دەبن بۆ گەڕاندنەوەی ئێران "لە لێواری وێرانکاری"، وتی وڵاتەکە دەتوانێت "لە ڕووی ئابوورییەوە گەورەتر و باشتر و بەهێزتر بێت لە جاران".
سەرۆک ترامپ بە دەستەواژەی "ئێران دووبارە مەزن بکەنەوە (میگا)" کۆتایی بە پەیامەکەی هێنا، کە دەنگدانەوەی دەستەواژە سیاسییە ناسراوەکەی بوو.
ئەمەش لە کاتێکدایە سبەینێ شەممە ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی دژ بە ڕژێمی ئێران یەک هەفتە تەواو دەکات و هەر لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەی لەلایەن ئەمەریکاو ئیسرائیلەوە دەکرێت، ژمارەیەکی زۆر لە کاربەدەستانی ڕژێم کوژران بە ڕێبەری باڵای وڵاتەکە عەلی خامنەیشەوە.