ئیمارات تاوتوێی دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی ئێران دەکات

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا ڕایگەیاندووە کە میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب (ئیمارات) بیر لە دەستبەسەرداگرتنی "ملیاران دۆلار" لە سەروەت و سامانی کۆماری ئیسلامی دەکاتەوە لە وەڵامی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئەو وڵاتە.

ڕاپۆرتەکە لەزاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیمارات دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی لەم بابەتە ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام هێشتا ڕوون نییە کە چۆن و کەی بەنیازە دەست بەسەر سەروەت و سامانی کۆماری ئیسلامیدا بگرێت.

ئیمارات پێشتر ڕایگەیاندبوو کە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا، بە زیاتر لە هەزار مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر خاکی وڵاتەکەی و لەم دواییانەشدا وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تیایدا ڕایانگەیاند، "بە لەبەرچاوگرتنی دەستدرێژییە ناڕەواکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەن، هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست دەگرنەبەر بۆ بەرگریکردن لە ئاسایش و سەقامگیری خۆیان و پاراستنی خاک و هاووڵاتییان و دانیشتووانیان."

ئیمارات دووهەم گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ئێرانە لە دوای چین و بەپێی ژووری بازرگانی تاران، ساڵی ڕابردوو ئاڵوگۆڕی بازرگانی نانەوتی نێوان هەردوو وڵات گەیشتە نزیکەی 30 ملیار دۆلار. هەروەها ئیمارات کڕیارێکی سەرەکی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێرانە، لەوانەش نەوتی سووتەمەنی.

ئەمەریکا لە چەند ساڵی ڕابردوودا دەیان کۆمپانیای نافەرمی کە لە ئیماراتدا تۆمارکراون، خستۆتە لیستی ڕەشەوە، بەهۆی ئەوەی سەرپێچییان لە سزاکانی سەر ئێراندا کردووە، ئەمەش ئەوە بابەتەیە کە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵیش ئاماژەی پێکردووە و نووسیویەتی، ئەم هەنگاوەی ئیمارات دەتوانێت تۆڕی بازرگانی دەرەکی و دارایی ئێران بە توندی تێکبدات و ئیفلیج بکات.