جۆنسۆن هۆشداری دەدات لە هەوڵەکان بۆ سنوردارکردنی دەسەڵاتی سەرۆک لە ئۆپەراسیۆنی دژ بە ئێران

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ئۆپەراسیۆنی سەربازی هاوبەشی ئەمەریکا و ئیسرائیلی لەدژی ئێران بە "سنووردار" ناوبرد و جەختی لەوە کردەوە کە هەوڵدان بۆ وەستاندنی ئەو ئۆپەراسیۆنە قومارێکی مەترسیدار و گەورەیە.

مایک جۆنسۆن ئێوارەی پێنجشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕوونی کردەوە کە ئەمەریکا "لە شەڕدا نییە لەگەڵ ئێران و ناشبێت."

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە دەنگی نەخێری بە پڕۆژە یاسایەک دا کە ئەگەر پەسەند بکرایە، دەکرا ڕێگری لە درێژەی ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی لە ئێران بکات.

جۆنسۆن پێشوازی لە شکستی پلانەکە کرد و وتی سەرۆک و وەزارەتی جەنگ بە ڕوونی ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەمەریکا لە ئێران "ئۆپەراسیۆنێکی سنووردارە".

ناوبراو ئۆپراسیۆنی سەربازی لە ئێرانی بە "ئەرکێکی زۆر ڕوون" ناودێر کرد کە بە وتەی خۆی "بە هەموو پێوەرێک نزیکە لە تەواوبوون، بەڵام هێشتا پێویستی بە بەردەوامی هەیە".

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران وتی، "پلانی هەڵەی کۆنگرێس" بۆ لێسەندنەوەی توانای سەرۆک بۆ تەواوکردنی ئەرکەکە "قومارێکی زۆر مەترسیدارە"، و دڵخۆشە کە شکستی هێناوە.