خانمی یەکەمی ئەمەریکا مەڵانیا ترامپ، لە هەنگاوێکی مێژووییدا، ڕۆژی دووشەممە سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەگگرتووەکانی کرد کە تایبەت بوو بە دابینکردنی پەروەردە و فێرکردنی منداڵان لەو ناوچانەی ئاڵۆزییان تێدایە.
ئەمە یەکەم جارە لە مێژوودا کە هاوسەری سەرۆکێکی ئەمەریکا سەرپەرشتی دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات.
سەرنجی دانیشتنەکە لەسەر پرسی منداڵان و تەکنەلۆژیا و پەروەردە بوو، کە خانمی یەکەمی ئەمەریکا گرنگییەکی سەرەکی پێدەدات. خانمی یەکەم وەک سەرپەرشتیاری کۆبوونەوەکە داوای لە نوێنەرانی وڵاتان کرد تێبینییەکانیان لەسەر ئەو پرسە بخەنە ڕوو.
مەڵانیا ترامپ لە کۆبوونەوەکەدا گوتی، "رێگای ئاشتی پەیوەستە بەوەی ئێمە بەرپرسیارێتی بەهێزکردنی منداڵەکانمان لە ڕێگەی پەروەردە و تەکنەلۆژیاوە لە ئەستۆ بگرین."
ئەو باسی لەو "ئاڵەنگارییانە" کرد کە جیهان لە ئێستادا ڕووبەڕووی دەبێتەوە و ئاماژەی دا، "ئەمەریکا لە سەرانسەری جیهاندا لەگەڵ گشت منداڵان دەوەستێتەوە... بەو هیوایەی بەم زووانە ئاشتی هی ئێوە بێت."
دانیشتنەکە لە کاتێکدایە هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ڕژێمی ئێران بەردەوامن و چەندین وڵاتی ناوچەکە کەوتوونەتە بەر موشەک و درۆنەکانی کۆماری ئیسلامی.
خانمی یەکەم ئاماژەی بەو پرسە دا و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو سەربازانەی ئەمەریکا کرد کە لە ئەنجامی 'ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی' کوژراون.
خانمی یەکەم گوتی، "لە دڵەوە سەرەخۆشی دەنێرم بۆ ئەو خێزانانەی قارەمانەکانیان لەدەستداوە، ئەو قارەمانانەی کە گیانیان لە پێناو ئازادیدا بەختکرد. ئازایەتی و خۆبەخشییان هەمیشە لە یاد دەمێنێتەوە."
گوتیشی، "لە دڵەوە هیوا دەخوازم بۆ چاکبوونەوەی خێرای هەموو ئەو کەسانەی کە بریندار بوون. ئێوە لە بیر و دوعاکانمدان لەم کاتە سەختانەدا. ئەمەریکا لەگەڵ هەموو منداڵانی سەرانسەری جیهان وەستاوەتەوە."