سەرۆک ترامپ: بەم زووانە وەڵامی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ڕیاز دەبینن

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەڕەشەی کرد وەڵامی تۆڵەسەندنەوەی واشنتن "دەبینن،" بەرامبەر بە هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ڕیاز و کوژرانی سەربازانی ئەمەریکایی لە کاتی ململانێکان لەگەڵ ئێران.

پەیامنێرێکی "نیوز نەیشن" ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەفزیۆنی ئەمەریکایی ئەم لێدوانەی داوە.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها لە چاوپێکەوتنەکەدا ڕایگەیاندووە کە بە پێویستی نازانێت هێزی ئەمەریکایی بۆ خاکی ئێران بنێردرێت.

چەند خولەکێک پێش ئەم هەواڵە، وەزارەتی بەرگری سعودیە ڕایگەیاند، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ڕیاز کراوەتە ئامانجی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ئەمەش بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە و زیانی ماددی سنووردار.

هەروەها بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە چەند تەقینەوەیەکی نوێ لە پایتەختی سعودیە بیسترا.

کاربەدەستانی سعودیە ڕایانگەیاندووە کە هەڵسەنگاندنی سەرەتایی بۆ زیانەکان لە ئارادایە.