سوپای پاسداران هێزێکی "زۆر" ڕەوانەی شارەکانی کوردستان دەکات

بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ژمارەیەکی زۆر لە هێزی زەمینی سوپای پاسداران ڕەوانەی شارە سنوورییەکانی کوردستان کراون.

بە پێی ڕاپۆرتەکەی هەنگاو، هێزە ڕەوانەکراوەکان لە شارە سنوورییەکانی وەک سەردەشت، پیرانشار و شنۆ جێگیر کراون.

چەند سەرچاوەیەک بە هەنگاویان ڕایانگەیاندووە کە بەشێک لەو هێزانە لە مزگەوت و قوتابخانەکانی ئەو شارانە جێگیر کراون.

ئەم ڕەوانەکردنەی هێز لە کاتێکدا ڕوودەدات ئەمەریکا و ئیسرائیل دەستیان داوەتە زەنجیرەیەک هێرش بۆ سەر ئێران کە تا ئێستا بەردەوامن و ئەم هێرشانەش کوژرانی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی لێکەوتووەتەوە، لەوانە کوژرانی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی.

تا ئێستا بەرپرسانی فەرمی ئێران لە بارەی وردەکارییەکانی ئەم ڕەوانەکردنە و ئەرکی هێزە جێگیرکراوەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەخستووەتە ڕوو.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هەروەها ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی بنەماڵەی هێزە نیزامی و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران شارەکانی کوردستانیان بەجێهێشتووە و گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زیادبوونی ژمارەی هێزە سەربازییەکان و ڕۆیشتنی هاوکاتی خێزانەکانی سەر بە دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکان نیگەرانی دانیشتوانی ئەو ناوچانەی لێکەوتووەتەوە.

ئەم هەواڵە نوێ دەکرێتەوە لەکاتی بەردەستبوونی زانیاری زیاتر.