ناسا گۆڕانکاری لە پلانی بردنی مرۆڤ بۆ سەر مانگ دەکات

ئاژانسی ئەمەریکا بۆ واڵایی، ناسا، گۆڕانکارییەکی کتوپڕی لە ئامانجی ناردنی مرۆڤ بۆ سەر ڕووی مانگ ڕاگەیاند و گوتی ئەم گەشتە پێش ساڵی 2028 ڕوونادات.

دۆناڵد ترامپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا لە کۆتایی ساڵی 2017 یاسای سیاسەتی واڵایی ئاسمانی واژۆ کرد، بە مەبەستی گێڕانەوەی ئەمەریکا بۆ سەر ڕووی مانگ. ساڵی 2019 مایک پێنس جێگری ئەوکاتی سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند هەوڵەکانی ناسا خێراتر دەکرێن بۆ ئەوەی هەتا ساڵی 2024 مرۆڤ لەسەر مانگ بنیشێتەوە.

بەڵام نۆ ساڵ دوای دەرکردنی ئەم یاسایە، هێشتا ئەو ئامانجە بەدی نەهاتووە، لەگەڵ ئەوەی هەنگاوی زۆر گرنگیشی بۆ نراوە.

ناسا بڕیاربوو گەشتی نیشتنەوە لەسەر ڕووی مانگ لە ڕێگەی ئارتەمیس 3 ئەنجام بدات.

بەڵام ڕۆژی هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە نوێیەکاندا ئیتر ئامانجی ئارتەمیس 3 تەرخان دەکرێت بۆ ناردنی کەشتییەکە بۆ خولگەی زەوی، وەک تاقیکردنەوەیەکی پێشوەختە.

ناسا دەشڵێت کار دەکات بۆ ئەنجامدانی دوو گەشتی جیاوازی ناردنی مرۆڤ بۆ سەر ڕووی مانگ لە ساڵی 2028. گەشتە لە ڕێگەی ئارتەمیس 4ەوە دەبێت.

جێرێد ئیسحاقمان، بەڕێوەبەری ناسا لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕایگەیاند، "ناسا دەبێت ڕێبازەکەی ستاندارد بکات، ئاستی فڕین بە سەلامەتی زیاد بکات و سیاسەتی نیشتمانی سەرۆک بۆ واڵایی ئاسمان جێبەجێ بکات. لەگەڵ زیادبوونی کێبڕکێی ڕژد لەلایەن گەورەترین نەیارەکانمانەوە کە ڕۆژ بە ڕۆژ لەزیادبووندایە، پێویستە ئێمە خێراتر هەنگاو بنێین و دواکەوتنەکان نەهێڵین و ئامانجەکانمان بەدەستبهێنین."

بەڕێوەبەری ناسا گوتیشی، "ستانداردکردنی پێکهاتەی کەشتی، زیادکردنی ژمارەی فڕینەکان و پێشکەوتن لە ڕێگەی ئامانجەکانەوە بە ڕێبازێکی لۆژیکی و قۆناغبەندی، ئەو ڕێگایە بوو کە لە ساڵی 1969 گرتمانە بەر و بەهۆیەوە ئامانجە مەحاڵەکەمان بەدەستهێنا و بەو شێوەیەش دووبارەی دەکەینەوە."