جێگری سەرۆکی ئەمەریکا: پێویستە تاران هۆشدارییەکانی واشنتن "بە ڕژد" وەربگرێت

جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە داوای لە کۆماری ئیسلامی ئێران کرد هۆشدارییەکانی واشنتن سەبارەت بە کردەوەی سەربازی بە "ڕژد" وەربگرێت.

ئەم لێدوانانە ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا لە وتاری ساڵانەی خۆیدا هەڵوێستی پتەوی خۆی سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی دووپاتکردەوە.

ڤانس لە لێدوانێکیدا بۆ فۆکس نیوز وتی، "سەرۆک هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم بابەتە دەدات بە شێوەیەکی دیپلۆماسی، بەڵام مافی خۆیەتی ئەگەر کردەوەی سەربازیش بەکاربهێنێت."

وتیشی، "ناتوانین ڕێگە بدەین خراپترین ڕژێمی جیهان چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت."

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بە ئاماژەدان بە بژاردەکانی بەردەم سەرۆک ترامپ بۆ پێشگرتن لە دەستڕانەگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی، وتی "سەرۆک کۆمەڵێک بژاردەی لەبەردەستدا هەیە بۆ دڵنیابوون لەوەی ئێران دەستی بە چەکی ناوکی نەگات و نیشانی داوە کە ئامادەیە کەڵکیان لێ وەربگرێت و هیوادارم ئێرانییەکان لە دانوستانەکانی سبەینێدا ئەم بابەتە بە جددی وەربگرن، چونکە بە دڵنیاییەوە سەرۆک پێی باشترە بە رێگەی دیپلۆماسییە چارەسەری کێشەکە بکات."

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە ئەمەریکا لە درێژەی هەڵمەتی سەپاندنی زۆرترین فشار بۆ سەر کۆماری ئیسلامیدا، ئەمڕۆ سزای نوێی خستە سەر کۆمەڵێک لایەن و کەشتی و دامەزراوەی پەیوەند بە ئێرانەوە.

بڕیارە شاندی ئەمەریکا و ئێران ڕۆژی پێنجشەممە لە ژنێڤ کۆببنەوە بۆ سێیەمین خولی وتووێژەکان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران.

جەی دی ڤانس لەو بارەیەوە وتی، "ئێمە خولێکی دیکەی وتووێژی دیپلۆماسیمان لەگەڵ ئێرانییەکان هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی مەعقول."

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا واشنتن دەیەوێت عەلی خامنەیی دەست لەکاربکێشێتەوە؟ وەڵامی نەدایەوە و تەنیا جەختی لەوە کردەوە کە دانوستانەکان بەردەوامن بۆ گەیشتن بە چارەسەری دیپلۆماسی.

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، پێشتر ڕایگەیاندبوو بە ئاماژەدان بە ئاڵۆزی دانوستانەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتێک کە لەلایەن "ئاینییە توندڕەوەکانی شیعە" بەڕێوەدەبرێت، کارێکی قورس دەبێت. بەڵام وتی واشنتن هێشتا ڕێگەی دیپلۆماسی بە باشتر دەزانێت.