وەڵامی دیموکراتەکان بۆ وتارەکەی سەرۆک ترامپ

ئابیگێڵ سپانبێرگەر پارێزگاری ڤێرجینیا شەوی سێشەممە بە کاتی واشنتن لە شاری ولیەمسبێرگ وتاری وەڵامدانەوەی دیموکراتەکانی بۆ وتاری ساڵانەی سەرۆک دۆناڵد ترامپ پـێشکەش کرد.

ئابیگێڵ سپانبێرگەر سەرۆک ترامپ و ئیدارەکەی بە "سەرکردایەتی لاواز" ناوبرد و ڕایگەیاند، "ئەمشەو، کاتیک بینیمان یاسادانەرانی نیشتیمانەکەمان کۆبوونەوە لە دانیشتنێکی هاوبەشی کۆنگرێسدا، ڕاستییەکەمان نەبیست لە سەرۆک."

گرنگترین تەوەرەکانی وتاری وەڵامدانەوە ئەمانەی خوارەوە بوون:

دۆخی ئابووری ئەمەریکا

پارێزگاری ڤێرجینیا ڕایگەیاند، "پێناسە گومرگییە بێباکەکانی" سەرۆک ترامپ بوونەتە هۆی بارگرانی ئابووری بۆ سەر خەڵکی وڵات، بە شێوەیەک "هەر خێزانێکی ئەمەریکایی ناچاربووە هەزار و 700 دۆلار باجی پێناسە گومرگییەکانی بکەوێتە سەر."

گوتیشی، "بزنسە بچوکەکان و جوتیاران زیانیان بەرکەوتووە، بەشێوەیەک هەندێکیان تەواوی هەلی بازاڕییان لەدەستداوە. خەڵکی ئاسایی باجی ئەو پێناسە گومرگییانە دەدەن."

ئابیگێڵ سپانبێرگەر ئاماژەی دا بە بڕیارەکەی دادگای باڵای ئەمەریکا لە ڕۆژی هەینی ڕابردوو کە تێیدا پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی سەرۆک ترامپی ڕەتکردەوە. گوتی، "سەرەڕای بڕیارەکەی دادگای باڵا بۆ لابردنی پێناسە گومرگییەکان، بەڵام ئێمە ، خەڵکی ئاسایی ئەمەریکا، باجەکەیمان داوە."

پارێزگاری ڤێرجینیا ڕەخنەی لە ئەندامانی کۆماری ناو کۆنگرێس گرت بەوەی گوایە "دەستەڵاتە دەستورییەکانیان" بەکار ناهێنن، لەکاتێکدا ترامپ هەڕەشەی بەردەوامیدانی پێناسە گومرگییەکان بە شێوەیەکی تر دەکات.

ڕایگەیاند، "لە نایابترین و داهێنەرترین وڵات لە مێژووی جیهاندا، ئەمەریکاییەکان شایەنی ئەوەن کە دڵنیا ببنەوە لەوەی سەرکردەکانیان ئەو کێشانە چارەسەر دەکەن کە بەهۆیانەوە لە شەودا بەبێ خەو دەمێننەوە؛ ئەو کێشانەی کە بڕیار دەدەن لەسەر ئەوەی لە کوێ دەژین؟ ئایا دەتوانین بزنزێک دەستپێبکەین؟ یان ڕەچەتەیەکی دەرمان نەکڕین لە پێناو بەدەستهێنانی پێداویستی سەرەکی خواردن؟ دووبارە ئەوە دەپرسمەوە: ئایا سەرۆک کار دەکات بۆ ئەوەی ژیان بۆ ئێوە و خێزانەکانتان هەرزانتر بێت؟ هەموومان دەزانین وەڵامەکە بریتییە لە 'نەخێر'."

پرسی کۆچبەران

سەبارەت بە ڕێکارەکانی ئیدارەی ترامپ دژ بە کۆچبەری نایاسایی، ئابیگێڵ سپانبێرگەر بانگەشەی ئەوەی کرد سەرۆک ترامپ کارمەندی پۆلیسی "کەم ڕاهێنراوی" ناردووەتە شارەکان و ئەو کەسانەیان دەستگیر کردووە کە هاوڵاتی ئەمەریکان یان دەیانەوێت ببن بە ئەمەریکایی.

ڕایگەیاند، "کردەکانیان بەبێ هەبوونی فەرمانی دەستگیرکردن ئەنجام داوە، دایکانی شیردەریان لە کۆرپەلەکانیان جیاکردوونەتەوە، منداڵانیان بردوونەتە سەنتەرەکانیی ڕاگرتنی دوورەدەست و هاووڵاتی ئەمەریکاییان لەسەر شەقامەکانمان کوشتووە. هەموو ئەم کردارەنەشیان بە دەموچاوی بە دەمامک داپۆشراو ئەنجام داوە بۆ خۆدزینەوە لە لێپرسینەوە."

جەختی کردەوە کە سیستەمی "تێکشکاوی کۆچبەری" ئەمەریکا شایەنی ئەوەیە چاک بکرێتەوە، "نەک بکرێتە بیانوو بۆ هێزەکان هەتا کۆمەڵگاکانمان بتۆقێنن."

سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا

پارێزگاری ڤێرجینیا سەرۆک ترامپی بەوە تۆمەتبار کرد گوایە بەرامبەر بە "دیکتاتۆرەکەی ڕووسیا" ڤلادیمێر پوتین و وڵاتی چین سیاسەتی لاوازە، وە لەبەرامبەردا پلان دادەنێت بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێران شەڕ هەڵبگرسێنێت.

ڕایگەیاند، "ڕاستییەکە ئەمەیە: لە ساڵی ڕابردوودا لە ڕێگەی دەرکردنی بەکۆمەڵی کارمەندان و دامەزراندنی کەسانی زۆر ناجدی لە گرنگترین پۆستەکانی نیشتیمانەکەمان، سەرۆکەکەمان مێژووی دوور و درێژی ئەمەریکای وەک هێزی باشە خستووەتە مەترسییەوە."

پارێزگاری ڤێرجینیا ڕایگەیاند ترامپ لە ڕێگەی ئەو کردارانە خۆی و خێزانەکەی و هاوڕێکانی دەوڵەمەند دەکات.

ئابیگێڵ سپانبێرگەر گوتی، "ئاستی گەندەڵییەکە پێشنەی نییە. فایلەکانی ئێپستین داپۆشراون، ساختەکاری پارەی کریپتۆ لەگۆڕێیە، لەگەڵ شازادەکانی دەرەوە دۆستایەتی پەیداکردووە بۆ بەدەستهێنانی فڕۆکە و لەگەڵ ملیاردێرەکان کۆدەبێتەوە، ناو و وێنەی خۆی دەخاتە سەر باڵەخانەکان لە سەرتاسەری پایتەختی وڵاتەکەمان. ئەمە ئەو دیدگایە نییە کە دامەزرێنەرانمان هەیانبوو."

هەڵبژاردنەکانی داهاتوو

بەڵام سەرەڕای ئەو دۆخە کە بە گوێرەی پارێزگاری ڤێرجینیا بەهۆی سیاسەتەکانی ئەم ئیدارەوە ڕووبەڕووی ئەمەریکا بووەتەوە، دەڵێت لە یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمەریکادا داهاتووی وڵات ڕوونە.

ئابیگێڵ سپانبێرگەر گوتی، "ئێمە لە هەر نەتەوەیەکی تر باشتر دەزانین کە چی شیانی ڕوودانی هەیە کاتێک خەڵکانی ئاسایی ئەوە ڕەتدەکەنەوە کە پەسند نییە و داوای زیاتر لە حکومەتەکەیان دەکەن. ئێمە ئەو ویستە لە قوتابیان دەبینین کاتێک لە سەرانسەری وڵات خۆپیشاندان ڕێکدەخەن...ئەمەریکاییەکان لە سەرتاسەری وڵات دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ ڕەتکردنەوەی ئەم پاشاگەردانییە. بە دەنگەکانیان چیرۆکێکی بە هیواتر دەنوسنەوە."

ئابیگێڵ سپانبێرگەر ئاماژەی بە سەرکەوتنەکانی ئەم چەند مانگەی دیموکراتەکان کرد لە هەڵبژاردنەکانی چەندین ویلایەت و دەڵێت دەنگەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

لە کۆتایی وتاری وەڵامی دیموکراتەکان، پارێزگاری ڤێرجینیا ڕایگەیاند، "جۆرج واشنتن لە وتاری ماڵئاوایی خۆیدا هۆشداری پێدایین لە ئەگەری هاتنە سەر دەستەڵاتی 'پیاوانی فێلباز و خۆپەرست و بێ بنەما.' ئەو هەروەها هانی ئێمەی ئەمەریکایی دا بۆ ئەوەی یەکگرتوو بین لە پرسێکی هاوبەشدا بۆ بردنە پێشەوەی وڵاتەکەمان. جارێکی تر ئەمە ئاراستەی ئێمەیە و ئەوە لە سەرانسەری وڵاتدا دەبینینەوە. ئەنجامدانی ئەمە شتێکی زۆر ئەمەریکیایی و نیشتیمانپەروەرییە و دڵنیایی ئەوە دەدات دۆخی یەکگرتووی وڵاتمان بەهێز بمێنێتەوە، هەر بۆ ئەمساڵ نا، بەڵکو بۆ 250 ساڵی داهاتوو، چونکە ئێمەی خەڵک هێزی گۆڕانکاری و پشتگیری لە ڕاستی و داواکاری زیاترە بۆ نیشتیمانەکەمان."