سەرۆک ترامپ: ئەمەریکا لە ئێستادا لە سەردەمی زێڕینیدایە

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە سەرەتای وتارەکەیدا ڕایگەیاند "سەردەمی زێڕین" دەستیپێکردووە و ئاماژەی بەوەشکرد "دوژمنەکانمان لێمان دەترسن و ئەمەریکا لە هەموو کاتێک بەهێزترە."

پاشان ڕەخنەی لە لێشاوی زۆری کۆچبەرانی نایاسایی لە سەردەمەکانی پێشوودا گرت و ڕایگەیاند کە ئەم ڕەوتە ئێستا وەستاوە و وتی ڕێگە بەو کەسانە دەدەین کە ئەمەریکایان خۆشدەوێت و زۆر کاردەکەن کە کۆچ بکەن بۆ ئەمەریکا."

سەرۆک ترامپ سەبارەت بە کۆچبەری وتی "بەتەمام یاسایەک دەربکەم بۆ ئەوەی هیچ ویلایەتێک نەتوانێت مۆڵەتی شۆفێری بدات بە کۆچبەرانی بێ بەڵگە و نایاسایی و هەروەها دەمەوێت کۆنگرێس سزای توند بەسەر ئەو بەرپرسانەدا بسەپێنێت کە ڕێگری لە دیپۆرتکردنەوەی تاوانباران دەکەن."

وتیشی "لە هەمووی گرنگتر دەمەوێت یاسای ڕزگارکردنی ئەمەریکا دەربکەم بۆ ڕێگریکردن لە دەنگدانی کۆچبەرانی بێ بەڵگە و نایاسایی و پێویستە هەموو دەنگدەران بەڵگەی ناسنامە و ڕەگەزنامە پێشکەش بکەن. دەنگدان لە ڕێگەی پۆستەوە تەنها لە حاڵەتەکانی نەخۆشی، کەمئەندامی، خزمەتکردنی سەربازی، یان گەشتکردن ڕێگەپێدراوە."

جەختکردنەوە لەسەر ئابووری و دەستکەوتە ناوخۆییەکان

سەرۆک ترامپ بەشێکی بەرچاوی وتارەکەی بۆ پرسە ئابوورییەکان تەرخانکرد و بە ئاماژەدان بە پێوەرەکانی گەشەکردن، جەختی لەسەر ڕەخساندنی هەلی کار و کەمکردنەوەی سوو کردەوە.

سەرۆک ترامپ لە درێژەدا بەرگری لە دەستکەوتە ئابوورییەکانی بەڕێوبەرایەتییەکەی کرد لە بوارەکانی نرخی سووتەمەنی و نرخی خانووبەرە و ئاماژەی بە ئامارەکان دا.

وتی "کەمی ڕێژەی سوو کێشەی نیشتەجێبوون کە بایدن دروستی کردووە چارەسەر دەکات و لە هەمان کاتدا بەهاکانی ئەو کەسانە دەپارێزێت کە خاوەنی خانوون، کە بەڕاستی بۆ یەکەمجار لە ژیانیاندا هەست بە دەوڵەمەندی دەکەن. ئێمە دەمانەوێت ئەو بەهایانە بەرز ڕابگرین. "

سەرۆک هەروەها جەختی لەسەر پێویستی پشتگیریکردن لە بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و بەهێزکردنی پیشەسازییەکانی ئەمەریکا کردەوە، هەروەها داوای لە کۆنگرێس کرد هاوکاری بکات لە پێشخستنی بەرنامە ئابوورییەکانی بەڕێوبەرایەتییەکەی.

سەرۆک وتی "بە دروستکردنی هەزاران بزنسی نوێ و دروستکردنی کارگە و دامەزراوە و تاقیگە، 70هەزار هەلی کاری نوێمان لە بواری بیناسازیدا ڕەخساندووە." وتیشی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمەریکا زیاتر لە 600 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیادی کردووە و هەروەها ڤەنزوێلای بە "دۆست و هاوبەشێکی نوێ"ی ئەمەریکا ناو برد و ڕایگەیاند ئەمەریکا لەم دواییانەدا "زیاتر لە 80 ملیۆن بەرمیل نەوت"ی لە ڤەنزوێلا وەرگرتووە.

ترامپ وتیشی"لە داهاتوودا کارگە و هەلی کار و وەبەرهێنان و تریلیۆن دۆلار دەرژێتە ناو ئەمەریکا- چونکە دواجار سەرۆکێکمان هەیە کە ئەمەریکا لە پێش هەموو شتێکەوە دادەنێت."

دۆناڵد ترامپ بڕیارەکەی ئەم دواییەی دادگای باڵا کە بنەمای یاسایی بۆ باجی بازرگانییەکەی هەڵوەشاندەوە، بە زۆر جێگای داخ ناوبرد و ڕەخنەی لە دادگاکە و ئەو شەش دادوەرە گرت کە دەنگیان بە دژی بڕیارەکەی داوە.

سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نیشتمانی

لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا، سەرۆک باسی لە ئەولەویەتەکانی بەڕێوبەرایەتییەکەی کرد لە بوارەکانی ئاسایشی نیشتمانی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری ئەمەریکا. سەرۆک ترامپ جەختی لە ڕۆڵی ئەمەریکا لە پێشهاتە جیهانییەکاندا کردەوە و ڕایگەیاند کە بەڕێوبەرایەتییەکەی هەوڵ دەدات بۆ پشتیوانی لە سەقامگیری و ئاسایشی نێودەوڵەتی لە هەمان کاتدا پارێزگاری لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئەمەریکا دەکات. سەرۆک ترامپ تیشکی خستە سەر دەستکەوتەکانی سوپای ئەمەریکا لە دەرەوەی وڵات، لەوانە ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو دژی شوێنە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئێران کە تێیدا دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی لەناوبرد.

سەرۆک وتی ڕێگە نادەم گەورەترین پشتیوانی تیرۆر لە جیهان دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات. وتیشی ئەگەر پێویست بکات، لە کردەی سەربازی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی تاران کەڵک وەردەگرێت.

دۆناڵد ترامپ بە ئاماژە بە سیاسەتی دەیان ساڵەی واشنتن جەختی کردووە کە ئەمەریکا هەمیشە پابەند بووە بە پێشگرتن لەوەی تاران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات و وتی من دیپڵۆماسیم پێ باشترە، بەڵام ئەگەر پێویست بکات بژاردەی سەربازیش دەخەمە کار.

ئاماژەی بە بڵاوبوونەوەی "تیرۆر و مەرگ" لە لایەن کۆماری ئیسلامی و بریکارەکانی لە ناوچەکەدا کرد و وتی "ئەو هێزانە لە رێگای چاندنی بومبی کەنار جادەکان هەزاران سەربازی ئەمەریکاییان کوشتووە یان بریندار کردووە.

ترامپ لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا ئاماژەی بە سەرکوتکردنی خوێناوی ڕاپەڕینی سەرتاسەری ئێران کرد و وتی کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لانیکەم 32 هەزار خۆپیشاندەریان لە ناوخۆی وڵاتدا کوشتووە.