عەبدوڵا موهتەدی: تێبینیمان لەسەر خاڵەکانی هاوپەیمانییەتی پێنج لایەنی هەیەو واژۆمان لەسەر نەکردووە

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایدەگەیەنێت، بەشێک نییە لەو هاوپەیمانییەی کە ڕۆژی یەکشەممە پێنج هێزی سیاسی کوردستانی ئێران واژۆیان کرد.

عەبدوڵا موهتەدی سکرتێری گشتی کۆمەڵە، لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "ئێمە بەشێک نین لەو هاوپەیمانییە و واژۆمان لەسەر نەکردووە."

گوتیشی " دژی ئەو هاوپەیمانییە نین و پیرۆزباییان لێدەکەین، بەڵام تێبینیمان لەسەری هەیە."

ڕۆژی یەکشەممە پێنج هێزی سیاسی کوردستانی ئێران کە بریتین لە حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی ژیانی ئازاد (پژاک)، پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، ڕایانگەیاند هاوپەیمانییەکیان واژۆکردووە کە ئامانجەکەی "ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و بەدیهێنانی مافی گەلی کوردە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی لە ئێرانێکی هەمەچەشن و دێموکراتیکدا."

پاش ئەم ڕاگەیاندنە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە کە تیایدا دەڵێت "ئێمە ئەم ئەزموونانە بەرز دەنرخێنین بەڵام بە چەند هۆکار دەقی کۆتایی گەڵاڵەی پێشنیارکراو بەو شێوازی ئێستا هەیە، واژۆ ناکەین."

لە بەیاننامەکەدا پێنج خاڵ وەکو هۆکاری واژۆ نەکردن خراوەتە ڕوو و دەڵێن زۆرێک لە خاڵەکانی ئەو دەقەی لایەنە سیاسییەکان واژۆیان کردووە، گشتین و ناوەڕۆکێکی کۆنکرێتی نییە و ئاراستە سیاسییەکان بە ڕوونی دیاری نەکراون.