محەمەد نەزیف قادری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ڕووخانی ڕژێمی ئێران بە یەكێک لە " ئامانجە سەرەکییەکەی" هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ڕادەگەیەنێت، کە ئەمڕۆ یەکشەممە پێنج لایەنی کوردستانی ئێران واژۆیان لەسەر کرد.
قادری لە لێدوانێکی تایبەتیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند " ئامانجە سەرەکییەکانی هاوپەیمانی ڕووخاندنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و دامەزراندنی سیستمێکی دیموکراسی و کارکردن بۆ گەیشتن بە ماف و چارەنووسی گەلی کورد لە کوردستانی ئێرانە."
گوتیشی "دوای ئەوەی ئامانج و هۆکارەکانی ئەم هاوپەیمانییە بەتەواوی لەنێو لایەنە بەشداربووەکاندا تاوتوێ کرا، هاوپەیمانییەکە لەلایەن کەسی یەکەمی لایەنە بەشداربووەکانەوە واژۆی لەسەر کرا لە چوارچێوەی ئەو خاڵانەی کە دانرابوون."
قادری ئاماژەی بەوەشکرد، هاوپەیمانییەکە لەگەڵ لایەنی کوردستانی و ئێرانیشدا کار دەکات وهەوڵدەدات بۆ بەهێزکردنی کارەکان لەناوخۆی کوردستان و لەناو ئێراندا بەگشتی.
جەختیشی کردەوە لەوەی تیشک دەخرێتە سەر" کاری مەدەنی و ڕێکخراوەیی، و زیادکردنی دانپێدانانی بزووتنەوەکە لە کوردستان و ناوچەکە و جیهاندا، و پاڵپشتیکردنی کارەکانی بزووتنەوە کوردییەکان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان."
گوتیشی ئەم هاوپەیمانییە لە سەر بنەمای "یەکپارچەیی خاک و مافی یەکسانی، پەیوەندی و وتووێژ لەگەڵ هێزەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنی ئێراندا دامەزراوە."
ڕۆژی یەکشەممە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی ژیانی ئازاد (پژاک)، پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران هاوپەیمانییەکیان واژۆکرد و بەیانانمەیەکی هاوبەشدیان بڵاو کردەوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە ئامانج لەو هاوپەیمانییە"ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و بەدیهێنانی مافی گەلی کوردە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی لە ئێرانێکی هەمەچەشن و دێموکراتیکدا."
ئەم بەیاننامەیە "هاوئاهەنگی و خەباتی هاوبەشی سیاسی و مەیدانی لە نێوان حیزب و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستانی ئێران و حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکانی پارچەکانی دیکەی ئێران" بە پێویست دەزانێت.
لە بەیاننامەکەدا، هاوپەیمانییەکە ئامادەیی خۆیان دەردەبڕن بۆ هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوەکانی دیکە و دەڵێت "وێڕای پاڵپشتیکردن لە پێکهێنانی قۆناغی گواستنەوەی دیموکراسی و هەمەلایەنە، هەر هاوکاری و هاوپەیمانییەک لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا لەسەر بنەمای "دانپێدانان بە مافی گەلان"، "قبووڵکردنی دیموکراسی" و "ڕەتکردنەوەی هەر دیکتاتۆریەتێک" بنیات دەنێین."
دەشڵێت "لەم هاوپەیمانییەدا باوەڕمان بە پاراستنی ژینگە، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، مافی یەکسانی ژنان و پیاوان، دامەزراندنی هەڵبژاردنی ئازاد، دەستەبەرکردنی مافە بنەڕەتییەکانی هەموو نەتەوەکان و کەمایەتییە ئایینییەکانی کوردستان و بەدامەزراوەییکردنی سیستەمێکی دێموکراتیک و ئیداری لە کوردستانی ئێراندا هەیە."
هەورەها ئاماژە بەوەش کراوە هاوپەیمانییەکە بە ئەرکی خۆی دەزانێت هەوڵ بۆ دامەزراندنی سیستمێکی سیاسی دێموکراتیک و سێکولار لە ئێران بدات کە تێیدا مافی هەموو گەلان و پەیڕەوانی ئایین و باوەڕە جیاوازەکان لە وڵاتەکەدا دەستەبەر بکات.
ئەم هاوپەیمانێتییە له کاتێکدایه که ئەمەریکا فشاری سیاسی و لەشکریشی لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران زیادکردووە، لەلایەن دوو خوڵی وتووێژی ناڕاستەوخۆ لە عومان لەگەڵ ئێراندا بەڕێوەچووە بەبێ ئەوەی هەتا ئێستا هێچ ئەنجامێکی ئەوتۆی هەبووبێت، و لەلایەکی تریشەوە هەبوونی سەربازی لە ناوچەی دەریای ناوەڕاستدا بەهێز کردووە. سەرۆک ترامپ چەندین جار دووپاتی کردووەتەوە ئەگەر ئێران ڕێککەوتنێک نەکات ئەوا "درەنجامێکی زۆر خراپ" ی دەبێت بۆیان.