ویتکۆف:سەرۆک ترامپ دەیەوێت بزانێت بۆچی تا ئێستا ئێران خۆی ڕادەست نەکردووە

ستیڤ ویتکۆف، نێردەی سەرۆک ترامپ بۆ ئاشتی ڕۆژی شەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز باس لە پرسەکانی ئێران و غەززە و شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا دەکات و وردەکارییەکانی ڕوانگەی بەڕێوبەرایەتی دۆناڵد ترامپ بەرامبەر بەم پرسانە دەخاتەڕوو.

ویتکۆف لە سەرەتای چاوپێکەوتنەکەدا بە ئاماژەدان بە گفتوگۆکانی ئەم دواییەی سویسرا، ئاماژەی بەوەدا بەڕێوبەرایەتی ترامپ لە یەک کاتدا دوو میحوەری سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی خۆی پەیڕەو دەکات: لە لایەکەوە هەوڵی کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا دەدات و لە لایەکی دیکەشەوە دانوستانی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بەڕێوەدەبات.

ئێران

سەبارەت بە ئێران، ویتکۆف جەختی لەوە کردەوە کە پێش دەستپێکردنی دانوستانەکان، سەرۆک ترامپ رێنمایی ڕوون و هێڵە سوورەکانی دەستنیشان کردووە و وتی ئەگەر تاران بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنها بۆ مەبەستی مەدەنییە، کەواتە دەبێت ماددە ئەتۆمییە هەستیارەکان بگەڕێنێتەوە و لە ئاستی بەرزدا پیتاندن ڕابگرێت.

ویتکۆف وتی "سەرۆک(ترامپ) پێش ئەوەی بچینە ئەوێ ئاراستەیەکی بە من و جێرد دا و هێڵە سوورەکانی بۆ دەستنیشان کردین کە بریتی بوون لە گەیاندنی ئاستی پیتاندنی یۆرانیوم بۆ خاڵی سفر و هەروەها ڕادەستکردنی مادە ئەتۆمییە پیتێنراوەکە لەلایەن ئێرانەوە."

وتیشی "ئەوان دەڵێن هەموو شتێک لەبارەی بەرنامەکەیانەوە مەدەنییە، بەڵام لەڕاستیدا ئاستی پیتاندنەکەیان زۆر لەوە زیاترە کە بۆ وزەی ئەتۆمی مەدەنی پێویستە، بۆ ئاستی 60%یان گەیاندووە و بەم ئاستەش ڕەنگە تەنها هەفتەیەکیان پێویست بێت بۆ ئەوەی دەستیان بگات بە مادەی پیشەسازیی گونجاو بۆ دروستکردنی بۆمب و ئەوەش بەڕاستی مەترسیدارە. بۆیە من ناتوانم ئەمە قبوڵ بکەم و ناچارن ڕازی ببن بە ڕوانگەی من تاوەکو بتوانن بۆمان بسەلمێنن کە ئایا دەتوانن بە شێوەیەک ڕەفتار بکەن کە قبوڵکراو بێت."

نێردەی تایبەتی سەرۆک ترامپ هەروەها ڕایگەیاند سەرۆکی ئەمەریکا بێزار بووە و دەیەوێت بزانێت بۆچی ئێران سەرەڕای فشارە بەرفراوانەکان هێشتا خۆی ڕادەست نەکردووە.

ویتکۆف وتی "سەرۆک ئەم بەیانییە پرسیاری لێکردم و نامەوێت بڵێم بێزاربووە، چونکە ئەو بژاردەی زۆری هەیە، بەڵام دەیەوێت بزانێت ئێران بۆچی هێشتا خۆی ڕادەست نەکردووە. بۆ چی لە ژێر ئەو هەموو فشارەدا، بەو بڕە هێزی دەریایی و ئاسمانی کە ئێمە لەوێ هەمانە، هێشتا نەهاتوون بڵێن ئێمە چەکمان ناوێت و بڵێن ئەمانە ئەو شتانەن کە ئێمە ئامادەین بیکەین و دەتوانم بڵێم بە شێوەیەک لە شێوەکان گەیاندنی ئێران بەم ئاستە قورسە."

بیستنی دەنگەکانی تری ئێران

لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا ویتکۆف ڕوونی کردەوە کە بە فەرمانی سەرۆک ترامپ لەگەڵ ڕەزا پەهلەوی دانیشتووە و وتی ئەو کەسێکی بە‌هێزە و گرنگی بە ئێران دەدات و وتی "بەڵام لێرە قسە لەسەر سیاسەتەکانی سەرۆک ترامپ و سیاسەتی بەڕێوبەرایەتییەکەیەتی نەوەک بەڕێز پەهلەوی، پێموایە سەرۆک حەزی لە بیستنی بۆچوونی هەمووان هەیە."

ویتکۆف وتی ڕێز لەم ڕێبازەی سەرۆک دەگرم، چونکە سەرۆک ترامپ کراوەیە بۆ بیرۆکەی نوێ و شێوازی بیرکردنەوەی جیاواز و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم پرۆسەیە بەشێکە لە سیاسەتی سەرۆک ترامپ.

غەززە و پلانی ئاوەدانکردنەوە

ویتکۆف هەروەها باسی لە کۆبوونەوەی پلانی ئاشتی و ئاوەدانکردنەوەی غەززە کرد و ڕایگەیاند کە بە ملیاران دۆلار بەڵێن دراوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە. بە گوتەی ویتکۆف، ئەم سەرچاوانەی بۆ دروستکردنی خانووبەرە و پەرەپێدانی گواستنەوەی گشتی و پاککردنەوەی ناوچە وێرانبووەکان و ئامادەکاری بۆ قۆناغێکی نوێی ئاوەدانکردنەوە خەرج دەکرێت.

شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا

لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا ویتکۆف باسی لە شەڕی ئۆکرانیا کرد و بە "جەنگی بێهودە" ناوی برد. ئاماژەی بەوەشکرد ئەمەریکا هەوڵیداوە هەردوولا لە مێزی دانوستان نزیکبکاتەوە و پێشنیازەکانیشی خستووەتەڕوو کە ڕەنگە لە هەفتەکانی داهاتوودا بەرەوپێشچوون بەخۆیەوە ببینێت.

سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، ئاماژەی بەوەشکرد بۆ ئەوەی بگەینە ڕێککەوتن، پێویستە بە وردی لە هێڵە سوورەکان و پاڵنەرەکانی لایەنی بەرامبەر تێبگەین و ئەم کۆبوونەوانەش بەو ئامانجە ئەنجامدراون.

بە گشتی ویتکۆف جەختی لەوە کردەوە کە سیاسەتی دەرەوەی بەڕێوبەرایەتی ترامپ لەسەر بنەمای تێکەڵەیەک لە فشار و دیپلۆماسی دامەزراوە؛ ڕێبازێک کە بە گوتەی ئەو ئامانجی ناچارکردنی لایەنە بەرامبەرەکانە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی "باشتر و بەردەوامتر". ناوبراو هیوای خواست کە لە حەوتەکانی داهاتوودا پێشهاتە ئەرێنییەکان لە دۆسیەی ئێران و شەڕی ئۆکرانیا بەدی بێن.