ئەمەریکا: دەبێت تاڵیبان هەموو ئەو ئەمەریکاییانە ئازادبکات کە وەک بارمتە دەستگیریکردوون

گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت دەبێت تاڵیبان دەستبەجێ هەموو ئەو ئەمەریکاییانە ئازادبکات کە لە ئەفغانستان دەستگیرکردوون، وە لەگەڵ ئەوەدا کۆتایی بە سیاسەتی بەبارمتەگرتن بهێنێت.

گوتەبێژەکە ڕۆژی دووشەممە 16ی مانگی دووی 2026، لە وەڵامی پرسیارێکی بەشی ئەفغانی دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە دەستگیراوانی ئەمەریکایی لە ئەفغانستان لە لایەن تاڵیبانەوە گوتی: "تاڵیبان دەبێت هەرچی زووترە هەموو ئەمەریکاییە گیراوەکان لە ئەفغانستان ئازاد بکات و کۆتایی بە سیاسەتی بەبارمتەگرتن بهێنێت."

گوتیشی: "ئەمەریکا پرسی گرتنی ئەمەریکاییەکانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تاڵیبان هێناوەتە گۆڕێ و ڕوونی کردووەتەوە کە لە سەرەتادا، و پێش ئەوەی هەر چەشنە دەرفەتێک بۆ دامەزراندنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمەریکا لە گۆڕێدا بێت، هەموویان دەبێت ئازاد بکرێن."

ئەو گوتەبێژە هوشداریشی بە ئەمەریکاییەکان دا کە بە هیچ هۆیەک سەردانی ئەفغانستان نەکەن، چونکە تاڵیبان ساڵهایە ئەمەریکاییەکان دەگرێت و ویلایەتە یەکگرتووەکانیش ناتوانین پاراستنی ئەوان دەستەبەر بکات.

تامی برووس، جێگری باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان حەوتووی ڕابردوو لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی دەنگدان سەبارەت بە بەردەوامی گەمارۆکان بۆ سەر تاڵیبان گوتی تاڵیبان لە گیراوەکان وەک ڕێگایەکی گوشارهێنان لە وتووێژەکان لەگەڵ ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە بەکار دەهێنێت و ئەنجومەنی ئاسایش بەبارمتەگرتنی بە توندی بەکارێکی ناپەسند زانیوە.

ئەو هەروەها گوتیشی کە تاڵیبان لە بەرانبەر ئازادی هاووڵاتییەکی گیراوی ئەمەریکاییدا، داوای ئازادکردنی ئەندامێكی بەندکراوی ئەلقاعیدە لە گوانتانامۆ دەکات، بەڵام بەپێچەوانە وادە دەدات کە لەسەر خەبات دژی تێرۆریزم بەڵێندار دەمێنێتەوە.