مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند ڕوون و ئاشکرایە هەرگیز ڕێگە بە کۆماری ئیسلامی ئێران نادرێت دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە لێدوانێکیدا بۆ بلومبێرگ وتی "ئەم هەڕەشەیە نەک تەنیا بۆ ئەمەریکا بەڵکو بۆ ئەوروپا و سەقامگیری ناوچەکە و ئاسایشی جیهانیش مەترسیدارە و هیچ گومانێکیش لەوەدا نییە."
ڕوبیۆ سەبارەت بە زیادبوونی ئامادەیی سەربازیی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی "ئەوە ڕوونە کە ئێمە پێویستمان بە پاراستنی هێزەکانمان لە ناوچەکەدا هەیە، چونکە کۆماری ئیسلامی هەم ئامادەیی و هەم توانای هێرشکردنە سەر سەروەت و سامانی ئەمەریکای لەوێ نیشانداوە، ئێمە لە ناوچەکەدا بەهۆی هاوپەیمانییەکانمانەوە بنکەمان هەیە و کۆماری ئیسلامیش لە ڕابردوودا نیشانی داوە کە ئامادەیە بۆ هێرشکردن یان هەڕەشەکردن لە سەر ئەو بنکانە."
وتیشی "بۆیە پێویستە دەسەڵاتی پێویست لە ناوچەکەدا هەبێت بۆ ئەوەی هەڵە نەکەن و هێرش بکەنە سەرمان و قەیرانێکی گەورەتر دەست پێبکەن."
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەروەها سەبارەت بە دانوستانەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی وتی "جگە لەوەش سەرۆک ترامپ ڕایگەیاندووە ڕێکەوتنی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی پێ باشترە. ئەمە کارێکی زۆر قورس دەبێت، بەڵام هەوڵ دەدات بۆی و ئەمەش ئەو شتەیە کە لە ئێستادا کاری لەسەر دەکەین."
مارکۆ ڕوبیۆ وتی سەرۆکی ئەمەریکا هەمیشە پێی باشترە بە ڕێککەوتنێک کێشەکان چارەسەر بکات و ئەمەریکا دەرفەتێکی داوە بە کۆماری ئیسلامی تا بزانێت ئایا دانوستاندن بۆ ڕێککەوتن وەڵام دەداتەوە یان نا.