سەرۆک ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا کە ڕۆژی سێشەممە پەخشکرا بە تۆڕی تەلەفزیۆنی فۆکس بزنسی ڕایگەیاند گەیشتن بە هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا "دەبێت ڕێککەوتنێکی باش بێت".
لە چاوپێکەوتنەکەدا کە ڕۆژێک پێشتر تۆمارکرابوو، ترامپ پێناسەی ڕێککەوتنێکی باشی بە جۆرێک کرد کە تێیدا ڕژێم "نە چەکی ئەتۆمی و نە مووشەکی هەبێت" ئەمەش بێجگە لەو خاڵانەی تری کە لەلایەن ئەمەریکاوە دوا کراوە.
ترامپ گوتیشی ڕژێمی ئێران "گەمژەیی" دەکات ئەگەر ڕێککەوتنێکی ئەمەریکا بۆ ڕاگرتنی ڕەفتارە شەڕانگێزییەکانی ڕەت بکاتەوە، ئاماژەی بۆ گەلە کەشتییە زەبەلاحەکەی ئەمەریکا کردکرد و گوتی "لە ئێستادا بەرەو ئێران دەچێت".
ترامپ ئاماژەی بە هێرشە سەربازییەکەی مانگی شەشی ڕابردووی ئەمەریکا کرد کە نێوەندی ئەتۆمی تارانی لەناوبرد، گوتی "جاری ڕابردوو هێزی ئەتۆمییانمان لەناوبرد، جا با بزانین ئەمجارە زیاتر لەناودەبەین."
جی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە پێش دەرچوونی لە ئازەربایجان لە دەمی لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێران باسی ئێرانی کرد. لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئەمەریکا دەیەوێت ڕژێمی ئێران بگۆڕێت لە کاتێکدا لە مانگی ڕابردوو ڕژێمەکە بە شێوەیەکی دڕندانە خۆپیشاندەرانی سەرکوتکرد، ڤانس لە وەڵامدا گوتی "ئەگەر گەلی ئێران بیەوێت ڕژێمەکە بڕوخێنێت، ئەوە پەیوەندی بە گەلی ئێرانەوە هەیە، ئەوەی ئێمە لە ئێستادا سەرنجمان لەسەریەتی ئەوەیە کە ئێران ناتوانێت چەکی ئەتۆمی هەبێت."