وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هۆشداری دەدات سەبارەت بە هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر جیهان لە بوارەکانی چەکی ئەتۆمی، مووشەک و پشتیوانی لە تیرۆر.
گیدعۆن سەعار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە دیدارێکدا لەگەڵ هاوتا پاراگواییەکەی ڕۆژی یەکشەممە بڕیاری پاراگوای بۆ دەستنیشانکردنی سوپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بەبەرز نرخاند و کۆماری ئیسلامی بە فاکتەرێکی ناسەقامگیرکەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەناردەکاری تیرۆر بۆ وڵاتانی دیکە ناودێر کرد.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ستایشی بڕیارەکەی سەرۆکی پاراگوای کرد بۆ خستەناوی سوپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی و ئاماژەی بەوەشکرد کە یەکێتی ئەوروپا و ئۆکرانیا لەم دواییانەدا هەنگاوی هاوشێوەیان ناوە.
گیدعۆن سەعار ئاماژه ی به کوشتنی خەڵکی ئێران لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کرد و وتی ئەم ڕژیمە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خستوەتە مەترسییەوە و تیرۆر هه ناردە دەکات بۆ هەموو جیهان، له نێویاندا بۆ ئەمەریکای لاتین.
سەعار هەوڵی "توندڕەوترین ڕژێمی جیهان" بۆ بەدەستهێنانی مەترسیدارترین چەکی جیهان، واتە چەکی ئەتۆمی، بە مەترسییەکی ڕوون بۆ سەر ئاشتی ناوچەیی و جیهان ناودێر کرد.
ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە بەرنامەی مووشەکی دوورمەودای ڕێژیمی ئێران کرد و وتی ئەم بەرنامەیە نەک هەر ئیسرائیل بەڵکو هەڕەشە لە وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا دەکات. جەختیشی کردەوە "رێژیمی ئێران پێشتر مووشەکی دژ بە وڵاتانی ناوچەکە بەکار هێناوە و وڵاتانی ئەوروپاش لە ژێر هەڕەشەی ئەو مووشەکانەدان."
ڕۆژێک دوای کۆتایی هاتنی یەکەمین کۆبوونەوەی ئەمەریکا و ئێران لە مەسقەت، ئیسرائیل ڕایگەیاند کە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە لە واشنتن لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆدەبێتەوە.
ئەکاونتی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل بە زمانی فارسی لە سەر ئیکس لە پەیامێکدا ڕایگەیاند تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە سەبارەت بە دانوستانی ئەمەریکا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەبێت.
ئیسرائیل: کۆماری ئیسلامی ئێران هۆکاری ناسەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و هەناردەکاری تیرۆرە لە جیهان