ڤانس دەڵێت 'پێشکەوتنی گەورە' لە ڕێککەوتنی ئاشتی ئەرمینیا و ئازەربایجان بەدیهاتووە

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەی دی ڤانس ڕۆژی دووشەممە لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ ئەرمینیا، ڕایگەیاند "لەوەتای ڕێککەوتنێکی ئاشتی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان بە نێوەندگیری ئەمەریکا لە ساڵی ڕابردوو بەدیهاتووە کە شەڕی دەیان ساڵەی نێوان ئەو دوو وڵاتەی ڕاگرت، پێشکەوتنێکی گەورە بەدیهاتووە."

جەی دی ڤانس وتی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا نیکۆڵ پاشینیان باسیان لە چۆنیەتی دروستکردنی ڕێڕەوێک کردووە کە ئازەربایجان بە ناوچەی ناخچیڤانی ببەستێتەوە، ئەمەش لە ڕێگەی خاکی ئەرمەنستانەوە، پڕۆژەیەک کە بەشێکە لە هەوڵەکانی ئاشتی.

ڤانس لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ پاشینیان لە یەریڤان وتیشی "ئەم پڕۆژەیە جیهانێکی تەواو نوێی بازرگانی و ترانزێت و ڕۆیشتنی وزە لەم ناوچەیەی جیهاندا دەکاتەوە و پەیوەندییەکی بێ وێنە لە نێوان ئەرمینیا و دراوسێکانیدا دروست دەکات."

ڤانس ئاماژەی بەوەشکرد پڕۆژەکە دەتوانێت یارمەتیدەربێت لە هێنانەدی ئاشتییەکی بەردەوام بۆ ناوچەکە."

ڕۆژی دوو شەممە جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەی دی ڤانس گەیشتە ئەرمینیا، ئەمەش لە کاتێکدا بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ سەرقاڵی هەوڵەکانە بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێک بۆ کۆتای هێنانی شەڕی دەیان ساڵی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان.
ڤانس گەورەترین شاندی سیاسی ئەمەریکایە سەردانی ئەرمینیای کردبێت.
ڤانس دەڵێت لە پاش قسەکردنی لە گەڵ سەرۆک وەزیران نیکۆڵ پاشنیان "بۆی دەرکەوتووە بۆی هەیە ئەرمینیا ببێتە بەشێکی گرنگ لە بەرەوپێشبردنی ئابووری لە ناوچەکە."

سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا خۆشحاڵی خۆی لە سەردانەکەی ڤانس دەربڕیوە و بە سەردانیکی مێژووی ناودێری کردووە و هەروەها سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی ترامپی کردووە لە هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان.

بڕیارە سەردانەکەی ڤانس هەتا ڕۆژی سێشەممە بخایەنێت و سەردانی ئازەربایجانیش بکات.

جگە لە هەوڵەکانی ئاشتی بڕیارە جێگری سەرۆک هەوڵ بدات هانی کردنەوەی ڕێڕەوێکی کاتی بدات بۆ بەستنەوەی ئازەربایجان بە ناوچەی ناکشڤان.

لە مانگی هەشتدا ئەرمینیا و ئازەربایجان لە ڕێوڕەسمەکەدا کە لە کۆشکی سپی بەڕێوە چوو، لەسەر گفتوگۆی ئاشتی ڕێککەوتن.

جێی باسە لە ساڵی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە هەردوو وڵات لە جەنگدا بوون لەسەر ناوچەی ناگۆرنۆ قەرەباخ لە پاش ئەوەی هێزەکانی سەر بە گرووپێکی ئەرمەنی کۆنترۆڵی ئەو ناوچەیەیان کرد، پاشان لە ساڵی 2020 ئازەربایجان کۆنتڕۆڵی بەشێکی ناوچەکەیان گرتەدەست و لە ساڵی 2023 لە هێرشێکدا بە تەواوەتی کۆنترۆڵی ناوچەکیان کرد.