ترامپ: سوپەربۆڵ نەریتێکی ناوازەی ئەمەریکاییە و ڕەنگدانەوەی کۆڵنەدانی وڵاتەکەمانە

کۆشکی سپی پەیامێکی بەبۆنەی سوپەربۆڵ (یاری کۆتایی فوتباڵی ئەمەریکایی) بڵاو کردووەتەوە کە بڕیارە شەوی یەکشەممە لە سانتا کڵارای کالیفۆرنیا بەڕێوە بچێت.

سەرۆک دۆناڵد ترامپ لە پەیامێکدا بەبۆنەی ئەم نەریتە گرنگە وەرزشییە ساڵانەیەی ئەمەریکاوە، وێڕای پیرۆزبایی کردن لە یاریزان و ڕاهێنەرەکانی هەردوو تیمی نیو ئینگلند پاتریۆت و سیاتڵ سیهۆک گوتی " لە کاتێکدا وڵاتەکەمان بە شانازییەوە 250 ساڵی شکۆمەندی سەربەخۆیی ئەمەریکا بەڕێوەدەبات، یارییەکەی ئەمشەو مانای تایبەتی هەیە. لە زۆر ڕووەوە چیرۆکی بەناوبانگترین وەرزشی وڵاتەکەمان ڕەنگدانەوەی گەشتی ئەمەریکایی خودی خۆمانە."

سەرۆک ترامپ لە پەیامەکەیدا تیشک دەخاتە سەر گرنگی ڕۆڵی فوتباڵی ئەمەریکایی لە کۆکردنەوەی خێزانەکان و کۆمەڵەگەکان لە هەموو چین و توێژەکاندا.

سەرۆک دەڵێت لە کاتیکدا وڵاتەکەمان لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە بەرەو قۆناغی پیشەسازی چوو " فوتباڵ لە نێو کۆمەڵگەی چینی کارکەردا سەریهەڵدا و هەمان کاری قورس و ئیرادە و بنەمای کارکەرانی ئەمەریکایی نیشان دا. لەگەڵ فراوانبوونی ئابووریدا، یارییەکە لەگەڵ خۆشگوزەرانی وڵاتدا گەشەی کرد. هەروەها لە کاتێکیشدا پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا ئەمەریکاییەکانی لە کەناراوێکەوە بۆ کەنارێکی دیکە پێکەوە بەستەوە، فوتباڵ چووە نێو هەموو ماڵێکەوە و ڕۆژانی یەکشەممەی کرد بە نەریتێکی هاوبەشی نێوان نەوەکان."

لە شەستهەمین یاری سوپەربۆڵی ئەمەریکا لە کاتێکدایە هەر ئەمساڵ لە 250 هەمین ساڵی سەربەخۆیی ئەمەریکایە و سەرۆک ترامپ دەڵێت بەر لە دەستپێکی یارییەکەو لە کاتی مارشی نیشتمانیدا " ئەو نیشتمانپەروەرانە یاد دەکەینەوە کە 250 ساڵ لەمەوبەر بە بوێری و قوربانیدان و باوەڕێکی تۆکمەی دۆزی ئازادییەوە، سەربەخۆییان بۆمان مسۆگەر کرد."

لە وتارەکەیدا سەرۆک ترامپ ستایشی ژنان و پیاوانی هێزە سەربازییەکانیش دەکات کە" بەردەوامن لە پاراستن و بەرگریکردن لە شێوازی ژیانمان بە درێژایی مێژوو و تا داهاتوو."

سەرۆک ترامپ یارییەکەی ئەمشەو (شەوی یەکشەممە 8ی مانگی دووی 2026) بە زیاتر لە پێشبڕكێیەکی وەرزشی دەزانێت " نەریتێکی ناوازەی ئەمەریکاییە کە ڕەنگدانەوەی سۆز و کۆڵنەدانی جیاوازی وڵاتەکەمانە."

نزیکەی 65 بۆ 70 هەزار کەس بۆ بینینی یارییەکە لە ستادیۆمی لڤی لە سانتا کڵارا کۆدەبنەوە و چاوەڕوان دەکرێت 127 ملیۆن کەسیش لە سەرانسەری ئەمەریکا لە ڕێگەی تەلەفیزیۆنەوە بینەری یارییەکان بن. بەشێکی زۆری خەڵکی لە ڕێستوڕانت و باڕەکاندا کۆدەبنەوە بۆ بینینی ئەم یارییە پێکەوە.