ئەندامێکی کۆنگرێس: ئێران بە وتووێژەکان تەنها کات دەکوژێت

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەیکا دەڵێت ئێران بەم وتووێژانە تەنها هەوڵ دەدات کات بکوژێت و ڕێگە بۆ بەردوام بوون لەسەر هەڕەشەکانی بدۆزێتەوە، بەڵام سەرۆک ترامپ زۆر ڕوونە لە پەیامەکەی خۆی کە ڕێگەگرتنە لە هەموو هەڕەشەکانی ئێران.

براین ماست، سەرۆکی کۆمارییەکان لە کۆمیتەی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لە وتووێژێکیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز سەبارەت بە وتووێژە ناڕاستەوخۆکانی ئەمەریکا و ئێران لە عومان ڕایگەیاند شاندی ئەمەریکا هەڵوێستی ئەمەریکایان بە ڕوونی خستووەتە گوتووە کە ئێران نابێت چیتر "هەڕەشەبێت بۆ سەر ئێمە یان هاوپەیمانەکانمان."

دەشڵێت بەڵام ئەوەی ئێران دەیەوێت لەم وتووێژانە بەدەستیبهێنێت ئەوەیە " بزانێت دەتوانێت چ جۆرە مەترسییەک دروست بکات، دەیانەوێت بزانن ئایا چ جۆرە هەڕەشەیەکی ناوکی بن یان چ جۆرە هەڕەشەیەکی بەرنامەی مووشەکی یاخود فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یان هەڕەشەکانیان بە ڕێگای بەکرێگیراوەکانی وەکو حزبوڵا یان حوثییەکان بکەن. کەواتە تەنها دەیانەوێت جۆری بەردەوامی هەڕەشەکانیان دیاری بکەن."

دەشڵێت سەرۆک ترامپ زۆر ڕوون بووە لەم بارەیەوە، سەرەتا هەوڵ دەدات بە ڕێگەی دیالۆگ مەترسییەکە نەهێڵێت، بەڵام ئەگەر پێویست بکات بۆ "نەهێشتنی هەڕەشەی ئێران لەسەر ئەمەریکا ئەوا بژاردەی شەڕیش لەبەردەستە."

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئەنجامی ئەم وتووێژانەی عومان چۆن دەبینێت، ماست گەڕایەوە بۆ هەموو شتانەی لەماوەی وتووێژەکاندا روویانداوە و گوتی کۆماری ئیسلامی "تەنها سەیری 48 کاتژمێری ڕابردوو بکەن سەرەتا، ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ بۆ کەشتییەکانی هێزی دەریایی ئەمەریکا کە نزیکەی 100 پاوند تەقەمەنی پێبوو، و دواتر بەکارهێنانی کەشتییەکانیان بۆ هەراسانکردن و هەڕەشەکردن لە کەشتییە بازرگانییەکانی ئەمەریکا. جا ئەوان وا وەڵامیان داوەتەوە."

ڕۆژی هەینی کۆبوونەوەی ناڕاستەوخۆی نێوان نوێنەرانی ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەچوو. بەڵام هیچ وردەکارییەک لەبارەی ناوەڕۆکی گفتوگۆکان بڵاونەکراوەتەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا شاندی ئەمەریکایی بە سەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا و جێرد کوشنەر، ڕاوێژکاری باڵای دۆناڵد ترامپ بەشدارییان کرد. نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیش بە سەرۆکایەتی عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بوو.