ئەمەریکا یەکێک لە تۆمەتبارە سەرەکییەکانی هێرشەکەی بنغازی دەستگیر دەکات

وەزیری داد پام باندی

وەزارەتی دادی ئەمەریکا ڕایگەیاند، یەکێک لە تۆمەتبارانی سەرەکی هێرشە کوشندەکەی ساڵی 2012 بۆ سەر کۆمەڵگەی دیپلۆماسی ئەمەریکا لە شاری بنغازی لیبیا دەستگیرکراوە و گواستراوەتەوە بۆ ئەمەریکا.

پام باندی، وەزیری داد لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە واشنتن ڕۆژی هەینی حەوتی مانگی دوو ڕایگەیاند "ئەمڕۆ بە شانازییەوە ڕایدەگەیەنم کە FBI یەکێک لە تاوانبارانی سەرەکی هێرشەکەی بنغازی دەستگیرکردووە".

تۆمەتبار زوبەیر ئەلباکوش، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە لە دەرەوەی وڵاتەوە گواستراوەتەوە بۆ ئەمەریکا و بڕیارە ڕووبەڕووی تۆمەتەکانی "تیرۆر، سووتاندن و کوشتن" ببێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەرگیز دەستبەردار نابین بەدەستهێنانی دادپەروەری بۆ ئەو تاوانەی دژی وڵاتەکەمان ئەنجام دراون."

خاتوو پام لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری ئێف بی ئای کاش پەتێل و جینین پرۆ دواکاوری گشتی فیدراڵی، ئاماژەی بەوەشکرد ئۆپەراسیۆنەکە بە هاوکاری وەزارەتی دەرەوە و سی ئای ئەی ئەنجامدراوە.

پرۆ وتی ئەمەش کۆتایی نییە "هێشتا کەسانێک هەن کە دەستیان لەو تاوانەدا هەبووە، ئێمەش پابەندین بە دۆزینەوەی دوا تاوانبار."

لە 11 مانگی 9ی ساڵی 2012دا، کریستوفر ستیڤنز، باڵیۆزی ئەمەریکا لە لیبیا لەگەڵ سێ ئەمەریکایی دیکە لە هێرشێکی هێزەکانی ئەنسارول شەریعە بۆ سەر کۆمەڵگەی دیپلۆماسی ئەمەریکا لە شاری بنغازی لە لیبیا کوژران.

دوو کەسی دیکەش پێشتر لە ئەمەریکا دادگایی کراون بەهۆی تێوەگلانیان لەو هێرشەدا. ئەحمەد ئەبو خەتاڵا لە ساڵی 2014 لەلایەن هێزە تایبەتەکانەوە دەستگیرکرا و لە ساڵی 2018 سزای 28 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، مستەفا ئەلئیمام لە ساڵی 2017 دەستگیرکرا و لە ساڵی 2019دا سزای 19 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.