ئەمەریکا لەسەر پرسی کانزا گرنگەکان میوانداری زیاتر لە 50 وڵات دەکات

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەی دی ڤانس ئەمڕۆ چوارشەممە لە واشنتن سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی گەورەی نێودەوڵەتی کرد سەبارەت بە دابینکردنی کانزا گرنگەکان، پرسێک کە واشنتۆن دەڵێت پەیوەستە بە ئاسایشی نیشتمانی و هێزی تەکنەلۆژیا و ئابووری ئەمەریکا.

ڤانس بە نوێنەرانی زیاتر لە 50 وڵاتی بەشداری کۆبوونەوەکەی وت، "ئیدارەی ترامپ پێشنیاری میکانیزمێکی پتەو دەکات بۆ گێڕانەوەی بازاڕی کانزا گرنگەکانی جیهانی بۆ دۆخێکی زیاتر تەندروست و کێبڕکێکار، وە ناوچەیەکی بازرگانی پەسەندکراو بۆ کانزا گرنگەکان کە پارێزراوبن لە شێواندنی دەرەکی."

کانزا گرنگەکان بریتین لەو توخمە کانزاییانەی کە لە بەرهەمهێنانی ئامێرە تەکنەلۆژییە سەردەمییەکانی وەک مۆبایلی زیرەک و پاتری و کەلوپەلی سەربازی بەکاردەهێنرێن. کانزا گرنگە سەرەکییەکان بریتین لە لیتیۆم، کۆبالت، توخمە زەوییە دەگمەنەکان و مس.

ئیدارەی سەرۆک دۆناڵد ترامپ کۆمەڵێک ڕێوشوێنی گرتۆتەبەر، لەنێویاندا وەبەرهێنانی گەورە لە پەرەپێدانی کانزا گرنگەکان و ڕێککەوتن لەگەڵ چەندین وڵاتدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی "قۆرخکاری" چین لە پرسی کانزا دەگمەنەکاندا.

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا وتی ئیدارەی ترامپ دەیەوێت لە ڕێگەی دروستکردنی ناوەندی جۆراوجۆری بەرهەمهێنان و وەبەرهێنانی سەقامگیر و زنجیرەی خستنەڕوو بتوانێت ڕێگری بکات لە ئەگەری بڕینی خستنەڕووی کانزاکان لەلایەنی دەرەکییەوە.

هەروەها مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا وتی ئەم کانزایانە پرسێکن کە "ئەوپەڕی گرنگییان هەیە" بۆ حکومەتی ئەمەریکا. وتیشی هەمەچەشنکردنی زنجیرەکانی دابینکردن و دەستڕاگەیشتن بە کانزا گرنگەکان ئەرکی لە پێشینەیە بۆ ئیدارەی ترامپ و جیهان.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەم کۆبوونەوەیەی بە "مێژوویی" وەسف کرد و وتی ڕێگاخۆشکەرە بۆ هاوکاری کردن لە دەستەبەرکردنی کانزا گرنگەکان.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، "لە ژێر سەرپەرشتی سەرۆک ترامپ، هەنگاوی یەکلاکەرەوە دەنێین بۆ دەستنیشانکردن و پەرەپێدانی یەدەگی ناوخۆیی بۆ کانزا گرنگەکان، لە بەرژەوەندی هەموو ئەمەریکاییەکان."

دوێنێ سێشەممە ڕوبیۆ لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی کۆریای باشوور و هیندستان کۆبووەوە و وتی باسیان لە هەمەچەشنکردن و دەستەبەرکردنی زنجیرەکانی دابینکردنی کانزا گرنگەکان کردووە.

ئەمەریکا مانگی ڕابردووش میوانداری وەزیرانی وڵاتانی گروپی حەوتی کرد و داوای لە زلهێزە ئابوورییەکانی جیهان کرد سەرچاوە وزەی خۆیان هەمەچەشن بکەن و پشتبەستن بە چین بۆ کانزا گرنگەکان کەم بکەنەوە.

ئیدارەی ترەمپ دەڵێت کانزا گرنگەکان بەشێکی سەرەکین لەو گفتوگۆیانەی کە لەسەر ئاستی جیهانی بەڕێوەدەچن.