سەرۆک ترامپ دەڵێت چاوەڕوان دەکات بزانێت دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێراندا هیچ ئەنجامێکی دەبێت

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە لە کۆشکی سپی بە میدیاکارانی ڕاگەیاند، دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لەم هەفتەیەدا بەڕێوە دەچێت.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا لە نێویاندا سیناتۆر لینسی گراهام، وتی هێشتا ماوە بزانرێت ئایا لە ڕاستیدا هیچ شتێک لەم دانوستانانەدا ڕوودەدات یان نا.

سەرۆک ترامپ گوتیشی، کۆماری ئیسلامی لە ڕابردوودا چانسی گەیشتن بە ڕێککەوتنی لە ڕێگای دانوستانەوە هەبوو، بەڵام دانوستانەکان سەرکەوتوو نەبوون و ئێمە ئۆپەراسیۆنی "چەکوشی نیوەشەو"مان ئەنجام دا.

سەرۆک ترامپ گوتی لەو بڕوایەدا نییە کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بیانەوێت ڕووداوێکی هاوشێوەی ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو دووبارە ببێتەوە، کە تێیدا دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی کراونەتە ئامانج. گوتیشی ئێران دەیەوێت دانوستان بکات.

قسەکانی سەرۆک ترامپ پاش ئەوە بوو کە سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانیان خستووەتە خوارەوە کە ڕۆژی سێشەممە لە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکن لە دەریای عەرەبی نزیک بووەتەوە.

فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی جۆری شاهد-١٣٩ی ئێرانی بەرەو کەشتییەکە فڕیوە و لە لایەن فڕۆکەیەکی جەنگی ئێف ٣٥ی ئەمەریکاییەوە کرایە ئامانج و خرایە خوارەوە.

کارۆلین لیڤیت وتەبێژی کۆشکی سپی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە.

وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا (CENTCOM) ڕایگەیاند، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە "بە مەبەستێکی دیارینەکراو و بە شێوەیەکی شەڕانگێزانە" لە کەشتییە ئەمەریکاییەکە نزیک بووەتەوە.

بەڕێز ترامپ پێشتر هەڕەشەی ئەوەی کردبوو کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی خۆپیشاندەرانی دژە حکومەت بکوژێت، ئەوە هێرشی دەکرێتە سەر. بە پێی ڕاپۆرتەکان لە ئەنجامی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر ناڕەزایەتییەکانی دژ بە حکومەت، هەزاران کەس کوژراون.