سێناتۆر گراهام ڕەخنەی توند لە هەڵوێستی سعودییە بەرامبەر هێرش بۆ سەر کورد دەگرێت

سێناتۆری کۆماری نزیک لە سەرۆک ترامپ ڕەخنەی توندی لە "بێدەنگی" حکومەتی سعودییە گرت بەرامەر بە هێرشەکانی حکومەتی سوریا دژ بە کورد و دەڵێت "کاتی ئەوە هاتووە هێزەکانی هەرێمەکە ڕەفتارەکانیان بگۆڕن و پیاوانە مامەڵە بکەن."

لینزی گراهام سێناتۆری کۆماری نزیک لە سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ سێشەممە بۆ جاری دووەم جەختی لە هەوڵەکانی کردەوە بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی سوپای سوریای عەرەبی دژ بە کورد و ڕایگەیاند، "لەهەوڵی کارکردن دام لەگەڵ ئیدارەی حکومەتی ئەمەریکا و هاوبەشەکانی هەرێمی بۆ ڕێگری لە خوێنڕێژی دژی هاوپەیمانە کوردەکانمان لە سوریا. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە هێزەکانی هەرێمەکە ڕەفتارەکانیان بگۆڕن و پیاوانە مامەڵە بکەن."

سێناتۆر گراهام ڕەخنەی لە سیاسەتی سعودییە بەرامبەر کورد و ئیمارات گرت و ڕایگەریاند، "بۆ سعودیە: زۆر هەوڵم داوە کاربکەم بۆ ئەوەی ڕێگایەکی نوێ بۆ پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەتان و ئەمریکا و ناوچەکە دابڕێژم. ڕێزێکی زۆرم هەیە بۆ زۆرێک لەو گۆڕانکاریانەی لەباوەشگیراون. بەڵام هێرشی شانشینی یەکگرتووی سعودییە بۆ سەر ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و بێدەنگییان سەبارەت بە هێرشە بەردەوامەکانی حکومەتی سوریا بۆ سەر کوردەکان دەبێت بگۆڕدرێت."

دەشڵێت، "تکایە تێبگەن من ئەوەندە زیرەکم کە بزانم سعودییە کاریگەری لەسەر حکومەتی سوریا هەیە، هەروەها چاوەڕێی ئەوەیان لێدەکەم ئەو کاریگەرییە بەکاربهێنن بۆ ئەوەی ناوچەکە زیاتر نەکەوێتە ناو بێسەروبەرییەوە."