ناسا هەنگاوێکی مێژوویی دەنێت بە ناردنی چوار کەس بۆ مانگ

ئاژانسی واڵایی ئەمەریکا، ناسا، دوای زیاتر لە 50 ساڵ دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ مانگ و وا بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا چوار کەشتیوانی واڵایی بنێرێت بۆ دەوری مانگ.

گەشتەکەی ناسا کە بە ئارتێمیس 2 ناسراوە سێ کەشتیوانی ئەمەریکایی و کەشتیوانێکی کەنەدایی هەڵدەگرێت و نزیکەی دە ڕۆژ دەخایەنێت.

کەشتییەکە ئەمجارە لە لەسەر ڕووی مانگ نانیشێتەوە و تەنانەت ناشچێتە خولگەی مانگ، بەڵکو لە زەوییەوە بەرەو مانگ دەڕوات و دوای خولێک بە دەوری مانگدا، دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ زەوی.

سەرکەوتنی ئەم ئامانجە یارمەتی ناسا دەدات بۆ هەنگاوی داهاتووی کە بریتییە لە ناردنی مرۆڤ بۆ سەر ڕووی مانگ لە ناوەڕاستی ساڵی 2027 بۆ ساڵی 2028.

ئاژانسی ناسا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند چوار کەشتیوانەکەی لە ڕۆژی 23-1-2026 دەستیان کردووە بە کەرەنتین کردن بۆ ماوەی 2 هەفتە بەر لە دەستپێکی گەشتی ئارتێمیس 2.

بەرپرسانی ناسا لە بەیاننامەکەدا ڕایانگەیاندووە، "ئەم ماوەیەی کەرەنتین کە پێی دەگوترێت بەرنامەی سەقامگیرکردنی تەندروستی، بە شێوەیەکی ئاسایی نزیکەی 14 ڕۆژ پێش هەڵدانی کەشتییەکە دەستپێدەکات. دەستپێکردنی کەرەنتین لە ئێستادا بۆ ئامادەکراییە لەکاتێکدا تیمەکان کاردەکەن بۆ دیاریکردنی دەرفەتی گەشتکردن لە مانگی دوودا."

ناسا دەڵێت ڕۆژی گەشتەکە شیانی هەیە لە نێوان 6-8ی مانگ یان 10-11ی مانگی دوو بێت. لە ئەگەری دواکەوتنی گەشتەکە لە مانگی داهاتوودا بە هەر هۆکارێک بێت، سەرەتای مانگی سێ یان چواریش دەستنیشانکراون بۆ هەڵدانی کەشتییەکە.

ئەمە دەبێتە یەکەم گەشتی ناردنی مرۆڤ بۆ ناوچەکانی مانگ لە 50 ساڵی ڕابردوودا. دوایین گەشتی ناسا ساڵی 1972 بوو کە مرۆڤ لە ڕێگەی کەشتی ئاپۆلۆ 17 لەسەر ڕووی مانگ نیشتەوە.