شاندێکی باڵای ئەمەریکا ڕۆژی شەممە لە ئیسرائیل لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ کۆبوونەوە.
شاندەکەی ئەمەریکا پێکهاتبوو لە ستیڤ ویتکاف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا، جەرێد کوشنەر، ڕاوێژکاری باڵای سەرۆک ترامپ و ئاریە لایتستۆن و جۆش گرینبام، ڕاوێژکارانی کۆشکی سپی.
ویتکاف لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس رایگەیاندووە سەرنجی گفتوگۆکانی شاندەکە لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل "پێشکەوتن و پلاندانان بووە بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی پلانی 20 خاڵی سەرۆک ترامپ بۆ غەززە و هەروەها پرسە ناوچەییەکانی دیکە.
ویتکاف کۆبوونەوەکەی بە "بنیاتنەر و ئەرێنی" ناودێر کردوە و ڕایگەیاندووە هەردوولا کۆکبوون لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو و پێویستی بەردەوامبوون لە هاوکاری نزیک لەسەر پرسە هەستیارەکانی ناوچەکە.
پلانی 20 خاڵی بۆ غەززە لەلایەن بەرێوبەرایەتی دۆناڵد ترامپەوە پێشکەشکراوە بۆ دابینکردنی چوارچێوەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و ڕێکخستنی نوێی ئەمنی و ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە و قۆناغی دووەمی ئەم پلانەش بریتییە لە دەستەبەرکردنی میکانیزمێکی سیاسی و ئەمنی بەردەوام لە ناوچەکەدا.
بەڕێوبەرایەتی ترامپ دەڵێت پلانەکە بە هەماهەنگییەکی نزیک لەگەڵ ئیسرائیل پەیڕەو دەکرێت و ئامانجی بەهێزکردنی ئاسایشی ئیسرائیل و ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە بۆ دانیشتوانی مەدەنی و کەمکردنەوەی ڕۆڵی گروپە چەکدارەکانە.
دیداری ئەم دواییەی ویتکاف و کوشنەر لەگەڵ نەتانیاهۆ دوای ڕاوێژکاری چڕ و پڕی نێوان واشنتن و تەلئەڤیڤ دێت سەبارەت بە چۆنیەتی چوونە ناو ئەم "قۆناغی دووەم" و دانانی نەخشەڕێگای داهاتوو بۆ غەززە.