هاوکاتی نائامییەکان لە سوریا، چەندین هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ڕۆژئاوا لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت. ژمارەیەک لەم هەڵمەتانە لەلایەن کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و ژمارەیەکیش لەلایەن ڕێکخراوەکانەوە بەڕێوە دەبرێت.
بەپێی زانیارییەکان خەڵکێکی زۆر بەشدارن لە بەخشینی هاکاری بۆ ڕۆژئاوا.
چالاکوانێکی سڤیل لە گەرمیان دەڵێت ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سوریا و هێرشەکانی کە لە گەڕەکی ئەشرەفییەو شێخ مەقسودی شاری حەلەبەوە دەستی پێکرد تا گەیشتە کۆبانێ و ئێستا حەسەکە " بووە هۆی ئەوەی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان و کوردانی تاراوگە هەموو بە یەک دەنگ بە پیری ئەم کەمپەینانەوە بچن."
قادر ئیسماعیل، چالاکوانی سڤیل بە لە لێدوانەکەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا هیواشی خواست " ئەم یەکدەنگییە هەمیشە بەردەوام بێت. حزبەکانی کوردسان چاو لەم یەکدەنگییە بکەن، تاکو بتوانین کارێکی یەک پارچەییمان هەبێت و تەبا بین لەگەڵ یەکتردا و بتوانین ئەو ئەزمونانەی بەدەستمان هێناوە بیچەسپێنین."
Your browser doesn’t support HTML5
هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ڕژئاوا لە گەرمیان
کاروان حەبیب ئەندامی کەمپەینی کۆکردنەوەی دارایی لە خورماتوو دەڵێت " هەر پاش کەمپەینەکە ئەو هاوکارییانەی کۆ دەکرێتەوە، بە دەستی ئەندامێکی کەمپەینەکە لە ڕێگەی نوێنەرایەتیە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە هەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی ڕۆژئاوا دەکرێت، تا بگات بەو خێزانانەی کە پێویستیان پێیەتی."
مانگی سووری کوردی ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، بەهۆی دابەزینی پەلەی گەرما و کەمی سووتەمەنی پێنج منداڵ لە کۆبانێ گیانیان لەدەستداوە.
مانگی سوور داواشی لە ڕێکخراوە مرۆییەکان و کۆمسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، بەپەلە بە هانای خەڵکی کۆبانێوە بچن.
ماوەی چەند ڕۆژێکە شاری کۆبانێ لەلایەن هێزەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سوریاوە گەمارۆ دراوە. دانیشتووان دەڵێن ئاو و کارەبا و ئینتەرنێت پچڕاوە، لە کاتێکدا خۆراک ودەرمان و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی ڕۆژانە کەمی کردووە.
Your browser doesn’t support HTML5
هەڵمەتی هاوکاری بۆ ڕۆژئاوا
بێجگە لە کەمپەینی کۆکردنەوەی پارە، لە شاری کەلار کەمپەینێکی تایبەت بە ناوی کەمپەینی کەزێ بۆ کۆکردنەوەی دەرمان و پێداویستی پزیشکی بەڕێوە دەچێت.
ڕامان عوسمان، سەرپەرشتیاری کەمپەینەکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند بێجگە لە پارە لەم کەمپەینەدا پێداویستییە تەندروستییەکان و شیری منداڵیش کۆدەکرێتەوە. ئەو گوتیشی " بەدەمەوە هاتنێکی زۆر باش هەیە لەلایەن دەرمانخانەکان و کۆمپانیاکانی دەرمان و کۆگاکانی دەرمان لە شاری کەلار."
بێجگە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان لە چەندین وڵاتانی تریش هەڵمەتی هاوکاری بۆ ڕۆژئاوا لەلایەن کۆمەڵگەی کوردییەوە بەڕێوە دەچێت.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، شەڕ و پێکدادان و کردەوە لەشکرییەکان بوونەتە هۆی دروستبوونی قەیرانی مرۆیی بەتایبەتی لە شاری کۆبانێ.
فەرحان حەق، وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سەرجەم ڕێگاکانی چوونە ناو کۆبانێ داخراون و شارەکە گەمارۆدراوە.
گوتیشی "ئەو گەمارۆیانە بووەتە هۆی بڕینی ئاو و کارەبا و ئینتەرنێتی بۆ شارەکە، تیمەکانی سەر زەوی دەڵێن خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکان کەم دەبنەوە".