لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ترێندی کەزی دەستیپێکردوو. ئەم ترێندە کاردانەوەیە بەرامبەر بە ڤیدیۆییک کە تیایدا کابرایەکی عەرەب کە خۆی بە سەربازی سوریایی لە قەڵەم دەدات و کەزییەکی بە دەستەوەیە و دەڵێت کەزی "هەڤاڵە" کە مەبەستی شەڕڤانەکانە.
ئەم ترێندە ئەوەنە فراوان بووە بە هەزاران ژن و کچی منداڵ بەشدارن تیایدا. تەنانەت باوکەکان پرچی کەچەکانیان دەکەن بە کەزی و پۆستی دەکەن لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا و دەنوسن " یەک کەزی ببڕن هەزار کەسی دەهۆنینەوە."
ئاڤان جاف چالاکوان لە ڕێکخراوی ئێمە بۆ گەشەپێدان پێی وایە ئەم ترێندە " شۆڕشێکی خۆڕسکی ژنە."
ئاڤان جاف دەڵێت " ئەم شۆڕشە بووەتە هۆی هۆکاری بەرەوپێشچوونێکی زۆر گەورە لە بزووتنەوەی فێمێنسم لە کوردستان."
دەشڵێت ئەم شۆڕشە " توانی زۆر بەربەستی کۆمەڵایەتی گەورە و ئاستەنگە گەورەکان تێکبشکێنیت. زۆر جار کچان و ژنانی ئێمە نەیانتوانیوە وێنەی خۆیان یان ڤیدیۆی خۆیان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بکەنەوە، بە هۆی ئەوەی خێزانەکانیان ڕێگەیان نەداوە. بەڵام بینیمان لەم شۆڕشەدا بەشێکی زۆر لە پیاوان وەکو باوک، وەکو برا و هاوسەر پرچی کچەکانیان دەکردە کەزی و بە شانازییەوە وێنەکانیان دائەنا. ئەمەش بۆخۆی گۆرانکارییەکی گەورەیە لە کۆمەڵگای کوردستانیدا."
لە ڕووی مێژووییەوە کەزی ژنانی کورد هێمایەکە بۆ ئازایەتی و بەرخۆدان خاتوو ئاڤان دەڵێت " زۆر جار وتراوە لە کاتی هەبوونی ململانێی خێڵەکی کاتێک ژنێک کەزییەکەی خۆی بهێنایەتە پێشەوە و شتێکی ببەستایە لە کەزییەکەی ئەوا ڕۆڵی هەبوو لە ئاشتەوایی."
چالاکوان ئاڤان جاف لەگەڵ ئەوەی نکوڵی ناکات لەوەی بەشێکی کەم لە مامۆستایانی ئاینی لە دەمی گرژییەکانی ئەم دواییانەی سوریادا "وتاری ڕق و کینەیان دژ بە شۆڕشی ژن و شەڕڤانە ژنەکان بڵاو کردووەتەوە، بەڵام دەشڵێت لەم کەمپەینەدا هەندێک لە مامۆستایانی ئاینی خۆیان بەشدارییان لە کەمپەینەکە کردووە و پرچی نەوەکانیان دەهۆننەوە و بڵاوی دەکەنەوە.
لەم هەڵمەتەدا هونەرماندانیش ڕۆڵێکی سەرەکییان بینیوە و بەشدارییەکی بەرچاویان هەبووە.
بێجگە لە کورد چەندین چالاکوانی بیانیش بەشداری ئەم ترێندەیان کردووە بۆ هاوسۆزی دەربڕین بۆ کورد و بە گژداچوونەوەی سوکایەتی کردن بە ژنی کورد.