سەرۆک ترامپ لە وتارەکەی لە داڤۆس باس لە گەشەکردنی زۆر گەورەی ئابوری ئەمەریکا دەکات

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە کۆڕبەندی ئابووری جیهان لە داڤۆس وتارێک پێشکەش دەکات. سویسرا، 21 ی یەکی 2026.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت بەڕێوەبەرایەتییەکەی لە ماوەی ساڵی یەکەمی خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی گەشەیەکی ئێجگار گەورەی بە ئابوری وڵاتەکە کردووە بە شێوەیەک خێراترین گەشەی ئابورییە کە ئەمەریکا بەخۆیەوە دەیبینێت.

سەرۆک ترامپ ڕۆژی چوارشەممە لە کۆڕبەندی ئابوری جیهان لە داڤۆس بە ڕێبەرانی جیهانی وت،"هاتووم بۆ کۆڕبەندی ئابوری جیهانی ئەمساڵ بە هەواڵی سەرسامکەر لە ئەمەریکاوە. دوێنێ ساڵێک تێپەڕبوو بەسەر یەکەم ساڵی دەستبەکاربوونەوەم، وە ئەمڕۆ پاش 12 مانگ لە کۆشکی سپی، ئابوری گەشاوەتەوە و بە شێوەیەکی خێرا گەشە دەکات و بەرهەمهێنان زیاددەبێت و وەبەرهێنان زیاتر دەبێت و داهات زیاتر دەبێت و هەڵاوسان کەمیکردووە و سنوورەکانمان کە کراوە و مەترسیداربوون داخراون بە شێوەیەک مەحاڵە ببەزێنرێت."

وتیشی ئەمەریکا لە خێراترین و گەورەترین گۆڕانکاری ئابوریدایە لە مێژوویدا.

ئاماژە بۆ ئەوە کرد، لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوو ڕێژی هەڵاوسان لە ئەمەریکا تەنیا 1.6% بووە، بەڵام پێشبینی دەکرێت گەشەکردن لە سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ بگاتە 5.4%.

وتیشی،"لە سەردەمی بەڕێوەبەرایەتی بایدن ئەمەریکا بە دەست مۆتەکەی سستی ئابورییەوە دەیناڵان، واتە دابەزینی گەشەی ئابوری و بەرزبوونەوەی هەڵاوسان، بەڵام ئێستا و تەنیا پاش ساڵێک لە جێبەجێکردنی سیاسەتەکەم، بە تەواوی پێچەوانەکەی دەبینین. هەڵاوسان بە شێوەیەکی بەرچاو نەماوە و گەشەی ئابوری ئێجگار بەرزە."

هەروەها باسی لە هەنگاوێکی دیکەی سەرکەوتووی دەستپێشخەرییەکانی کرد لە سیاسەتی دەرەوە، ئەویش زیادکردنی گومرگ لەسەر کاڵای هاوبەشە ئابورییەکان.

سەرۆک وتیشی،"لە ماوەی یەک ساڵدا، کورتهێنانی بازرگانی مانگانەمان بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر کەمی کردووە و بە ڕێژەی 77% دابەزیوە، ئەمەش بەبێ ڕوودانی هەڵاوسان، کە ئەمە کارێکە هەمووان وتیان ناکرێت."

سەرۆک ترامپ تیشکیشی خستە سەر ڕۆڵی دەگمەن و کاریگەر ئەمەریکا لە ئابوری جیهاندا، وتی،"ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بزوێنەری ئابوری زەوییە - وە کاتێک ئەمەریکا گەشە دەکات، هەموو جیهان گەشە دەکات."

هەروەها خواستی ئەمەریکای دووپاتکردەوە بۆ دەستگرتن بەسەر گرینلاند بۆ مەبەستی ئاسایشی نەتەوەیی.

وتی،"ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا خۆی بە تەنیا دەتوانێت ئەم خاکە گەورەیە بپارێزێت. بۆیە هەوڵ دەدەم دەستبەجێ دانوستان ئەنجام بدەم بۆ وتووێژکردن سەبارەت بە دەستگرتن بەسەر گرینلاند لەلایەن ئەمەریکاوە. ئەمە هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر هاوپەیمانێتی ناتۆ دروستناکات، بەڵکو ئاسایشی تێکڕای هاوپەیمانییەکە زۆر بەهێزدەکات."