کاری لەیک، بەڕێوەبەری ئاژانسی میدیای جیهانی ئەمەریکا ( USAGM) دەڵێت سەرۆک ترامپ لە ماوەی ساڵێک لە کۆشکی سپی توانیویەتی دەستکەوتی گەورە بۆ ئەمەریکا بەدەستبهێنێت و توانیویەتی کۆتایی بهێنێت بە نزیکەی هەشت ململانێ و ناکۆکی لە جیهاندا.
لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، کاری لەیک کۆمەڵێک دەستکەوتی سەرۆک ترامپی لە ساڵی یەکەم خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی خستەڕوو.
" ئەو (دۆناڵد ترامپ) بەڕاستی جیهانی گەڕاندووەتەوە بۆ سەر ڕێڕەوی ڕاست، هەندێک کاری کردووە بێپێشینەن و لە سەردەمی بەڕێوەبەرایەتی پێشوودا زۆر ترسناک بوون، شەڕ لە سەرانسەری جیهاندا هەڵدەگیرسا. ئەو توانیویەتی ئێمە بگەڕێنێتەوە بۆ خاڵێکی بەهێز کە لە ڕێگەی هێزەوە ئاشتی نیشان دەدات، و ئێمە ئەوە لەگەڵ ئەمەریکادا بەدەست دەهێنین. ئێمە جارێکی دیکە هێزی خۆمان لە نیوەگۆی ڕۆژئاوا نیشان دەدەین. کاتێک دێتە سەر ئێران، ئەوەی کردی لە هەوڵدان بۆ ڕێگریکردن لەم ڕژێمە خوێنڕێژە لەوەی ببێتە هێزێکی ئەتۆمی، کردارێکی سەرسوڕهێنەری بەهێز بوو بۆ خەڵکی ئێران، پشتگیری نیشانی ئەوانی دا."
"پێم وایە ئێمە بەردەوام دەبین لە بینینی ئەم جۆرە شتانە. بینیومانە کە سەرۆک ترامپ سەرۆکی ئاشتییە، کۆتایی بە نزیکەی هەشت ململانێ و شەڕ لە سەرانسەری جیهاندا هێناوە. ئەو دەیەوێت جیهان ئارام بکات، وەها بکات هەموو وڵاتان شوێنێکی ئارام بن بۆ ژیانی هاووڵاتییانیان، هەروەها ئەمەریکا بنیات بنێتەوە. ساڵێک لەمەوبەر ئێمە لە شوێنێکی زۆر خراپدا بووین."
"گرانیمان هەبوو، خەرجی ژیانمان لە کۆنتڕۆڵ دەرچوو. ئێمە گرانیمان بە ڕێژەی 70٪ کەمکردووەتەوە. ئێمە ئاستی هەڵاوسانمان 2.7٪ یە، ئەمەش وەهایکردووە شتەکان لێرە لە وڵات بە نرخێکی گونجاوتر بن. بۆیە پێموایە ئەمە تەنها سەرۆکێکە کە دان بەوەدا بنێت جیهان بەڕاستی ئاگری گرتبوو. وە ئەو هات و ئاگرەکەی کوژاندەوە. ئێستاش لە ساڵی دووهەمیدا پێموایە ساڵیک دەبێت بۆ بنیاتنانەوە بۆ ئەمەریکا و هیوادارم بۆ خەڵکی ئێران و خەڵکی ڤەنزوێلا و ڕەنگە تەنانەت خەڵکی کوباش، بینین و درککردن بە ئازادی بۆ یەکەم جار لە چەندین دەیەدا."
"هەندێک لە ئاڵنگارییەکانی کە ئێمە لێرە لە واشنتنی پایتەخت ئەزموونمان کردووە، دەسەڵاتێکی دادوەرییە لە ژێر کۆنتڕۆڵ دەرچووە. ئێمە دادوەرمان هەیە کە دادوەری دادگای ناوچەیین کە نیشتەجێی ناوچەیەکی بچووکن و لە ناوچەیەکی بچووک کاردەکەن، بەڵام پێیان وایە ئەوان سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکان".
کەواتە بەڕاستی یاسا کراوەتە چەک. ئەمە هێرشێکە لەو دادگایانەی کە سەرۆک و ئەجێندا زۆر بەهێزەکەی، ئەمەریکا لە پێش هەموو شتێکدا، هەوڵی ڕێگریکردنیان لێدەکرێت بەهۆی داوای یاسایی لە سەرانسەری دادگا ناوچەییە جیاوازەکانی سەرانسەری وڵات. پێموایە بەڕاستی ڕەنگە ئەوە گەورەترین ئاڵنگاری بێت.
هەروەها هەندێک ئاستەنگی سیاسیش هەن، قایلکردنی هەمووان، بردنیان بەرەو ئاڕاستەیەکی دروست، درککردن بەو توانایەی کە لەم ساتەدا هەمانە بۆ ئەوەی بە تەواوی ئەجێندای ئەمەریکا لە پێش هەموو شتێکدا، بخەینەڕوو و کارێک بکەین کە بۆ نەوەکانی داهاتوو ئێمە ئەو جۆرە هێزەمان هەبێت لێرە لە وڵاتەکەماندا."
" وەک زۆرێک لە دەزگا جیاوازە جۆراوجۆرەکان لە حکومەتی فیدراڵیدا، بە تێپەڕبوونی کات هەتا دێت زیاتر گەشەیان کردووە و گەورەتربوون، ئاژانسی ئەمەریکا بۆ میدیای جیهانیش USAGM بەدەر نییە لەوە. گەورە کرابوو تەنها بە مەبەستی گەورەکردن. هەندێک جار خزمەتگوزارییەکی زمانێکی نوێ دەستیپێکردووە کە ڕەنگە دەبوو دابخرایەتەوە یان بچووک بکردرابایەتەوە، بەڵام ئەوە هەرگیز نەکراوە.
هەر بەردەوام بووە لەوەی بیرۆکراسی زیاتر بکات. سەرۆک هات و گوتی ، دەبێت کەمی بکەینەوە چونکە زۆر قەرزدارین. ئێمە وەک وڵاتێک کێشەی داراییمان هەیە، و پێویستە خەرجییەکانمان کەمبکەینەوە. باجدەری ئەمەریکایی پارەی هەموو ئەمانە دەدات. بۆیە ڕاسپێدرام ئەم دەزگایە بچووک بکەمەوە.
وە لە ئێستادا، پێموایە ئێمە کارێکی میدیایی زۆرباش بەرهەم دەهێنین کە دەچێتە دەرەوە بۆ ئەو گەلانەی کە بەڕاستی، بەپێی یاسا پێویستە ئەو هەواڵانە بەدەستبهێنن. وە ئێمە کارێکی باش دەکەین. ئێمە لە ئاستێکی زۆرباشی هێزی نەرمداین. بزانین شتەکان بەرەو کوێ دەڕۆن. بەڵام پێموایە ئەو ئامانجەی کە لە ئێستادا هەمانە ئەوەیە کە دڵنیا بین لەوەی هەواڵەکان بڵاودەکەینەوە بۆ نەتەوە جیاواز و وڵاتی جیاواز، و ئەو هەواڵانە بۆ هەر کوێیەک بچن هەڵوێستی ئەمەریکا و ڕێبازەکانی چۆن کاریگەریی بەسەر ئەو وڵاتەدا دەبێت.
پێموابێت ئەمە ئامانجی ئێستامانە. دەبینین داهاتوو چی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. بەڵام، سەرۆک تەنها هەوڵدەدات هەندێک لە زیادبوونی بیرۆکراسی لێرە لە واشنتنی پایتەخت کەمبکاتەوە. وە دەزانم کە خەڵکی ئێرانیش ئەمە دەزانن، لە هەر شوێنێکی جیهان، کاتێک حکومەتێک زۆر گەورە دەبێت، زۆر لە ژێر کۆنتڕۆڵ دەردەچێت، زۆر خۆی بە زل بزانێت هەمیشە شتێکی خراپە بۆ خەڵک.