هاوکات لەگەڵ ئامادەکاری گەشتکردن بەرەو داڤۆس بۆ بەشداری لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لەم هەفتەیەدا، سەرۆک دۆناڵد ترامپ بەردەوام جەختدەکاتەوە کە دەستخستنی گرینلاند لەلایەن ئەمەریکاوە زۆر گرنگە بەهۆی پێگە ستراتیژییەکەی بۆ ئاسایشی نیشتمانی.
سەرۆک ترامپ سەرلەبەیانی دووشەممە لەسەر پلاتفۆرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس وێنەیەکی دروستکراوی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەردەکەوێت لە دورگەی گرینلاندە و ئاڵای ئەمەریکای بەدەستەوەیە.
شەوی دووشەممە پرسیار لە ترامپ کرا کە ئایا نیگەرانە لەو سەرکردانەی ئەوروپا کە بەرپەرچی خواستەکەی دەدەنەوە بۆ لکاندنی گرینلاند بە ئەمەریکاوە. سەرۆک لە وەڵامدا وتی، "پێموانییە ئەوان زۆر بەرپەرچ بدەنەوە. دەبێت ئێمە گرینلاندمان هەبێت. ئەوان دەبێت ئەمە بکەن، ناتوانن بیپارێزن. خەڵکی دانیمارک کەسانی نایابن و دەزانم سەرکردەکان کەسانی زۆر باشن، بەڵام ئەوان تەنانەت ناچن بۆ ئەوێ."
ترامپ ڕایگەیاندووە، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە باج بە ڕێژەی 10% بەسەر هەشت وڵاتی ئەوروپا دەسەپێنێت، کە بەکۆمەڵ دژی دەستبەسەرداگرتنی گرینلاندن لەلایەن ئەمەریکاوە.
سکات بێسێنت وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ئەمڕۆ سێشەممە لە داڤۆس هەڵوێستی ترامپی سەبارەت بەو پرسە ڕوونکردەوە و وتی، "گرینلاند زیاتر و زیاتر دەبێتە جێگای سەرنج بۆ داگیرکاری دەرەکی، وە سەرۆک ترامپ زۆر بە جدی پێی وایە دەبێت بەشێک بێت لە ئەمەریکا بۆ ڕێگری و تێوەگلان لە ململانێیەکی گەرم."
دورگەی گرینلاندی دەوڵەمەند بە کانزاکان خاکێکی خۆبەڕێوەبەرییە لە چوارچێوەی دەوڵەتی دانیمارکدا. سیاسەتی ناوخۆی دورگەکە لەدەست هاووڵاتیانی ڕەسەنی دوورگەکەدایە لە کاتێکدا حکومەتی دانیمارک سیاسەتەکانی دەرەوە و بەرگریی بەڕێوەدەبات.