تۆم باراک و مەسعود بارزانی لە هەولێر تاوتوێی ڕەوشی سوریا دەکەن

مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا کرد.

بە پێی ڕاگەیاندراوێکی بارەگای بارزانی، لە میانی دیدارەکەی ئەمڕۆ شەممەدا هەردوولا باسیان لە دۆخی سوریا و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە کردووە و جەخت لە گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و ڕێگەی ئاشتیانە بۆ گەیشتن بە چارەسەرەکان کرایەوە.

بارەگای بارزانی دەڵێت له میانی دیدارەکەدا بارزانی سوپاسی هەوڵەکانی ئەمەریکای کرد بۆ هاوکاریکردنی لایەنە سوریاییەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەر. هەروەها جەختیشی لە گرنگی دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد لە داهاتووی سوریادا کردەوە.

هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو.

سەردانەکەی باراک لە کاتێکدایە کە شەڕ و پێکدادان لە هەندێک ناوچەی ڕۆژهەڵاتی حەلەب بەردەوامە، سەرەڕای ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بۆ کشانەوەی چەکدارەکانی لە ناوچەکانی دێرحافر و مەسکەنێ.

بەر لە سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان تۆم باراک ڕۆژی هەینی، لە تویتێکدا ڕایگەیاند " وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ هەموو لایەنەکانی سوریا بەردەوامە، بە شەو و ڕۆژ کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و ڕێگریکردن لە زیادبوونی ناکۆکییەکان."