سیناتۆر و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لە کۆنگرێسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بەرامبەر بە سەرکوتکردنی خەڵک لە ئێران هەڵوێستیان وەرگرتووە و هاوسۆزی خۆیان بۆ خەڵکی ناڕازی لەو وڵاتە دەربڕیوە.
لەگەڵ زیادبوونی ئەگەری وەڵامدانەوەی ئەمەریکا بەرامبەر بە سەرکوتکردنی خوێناویی خەڵک لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، زۆرێک لە لێدوانەکانی ئەندامانی کۆنگرێس لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەسەر ئەم بابەتە بوو.
سیناتۆر لینزی گراهام: دۆزەخی ڕاستەقینە بۆ کۆماری ئیسلامی بەڕێوەیە
لینزی گراهام، سیناتۆری باڵای کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا، بەبێ ئەوەی وردەکارییەکان بخاتەڕوو، ڕایگەیاند دۆناڵد ترامپ بەنیازە دۆزەخێکی ڕاستەقینە لەدژی کۆماری ئیسلامی بکاتەوە.
گراهام لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی گورزی کۆتایی لە ئایەتوڵاکان تێکەڵەیەک دەبێت لە ئازایەتی نیشتمانپەروەرانە و بێهاوتای خۆپیشاندەران و کردەوەی یەکلاکەرەوەی دۆناڵد ترامپ.
وتیشی "خاڵی وەرچەرخانی ئەم ڕێگا دوور و درێژە، ئیرادەی سەرۆک ترامپ دەبێت کە بەبێ ناردنی هێزی زەمینی، بەڵام وەک بەڵێنی دابوو، جەهەنەمێکی ڕاستەقینە لەدژی ئەو دەسەڵاتەی کە هەموو هێڵە سوورەکانی بەزاندووە، دەکاتەوە."
ئاماژەی بەوەش کرد شەپۆلێکی بەرفراوانی هێرشی سەربازی و ئەلیکترۆنی و دەروونی دژی کۆماری ئیسلامی بەرێوەیە.
سیناتۆر تۆم کۆتۆن: کۆماری ئیسلامی دەستی لە ڕەشتنی خوێنی خەڵکی ئێران و ئەمەریکاییەکاندا هەیە
تۆم کۆتۆن، کۆماریخوازی باڵا لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا ڕایگەیاند لەکاتێکدا ئێران هەزاران هاووڵاتی خۆی کۆمەڵکوژ دەکات، ئەوەتان لەبیرت بێت کە ئەمە ڕژێمێکی تیرۆریستییە کە سەدان ئەمەریکایی کوشتووە و هەوڵی تیرۆرکردنی ئەمەریکاییەکانیشی لەسەر خاکی ئەمەریکا داوە.
بەیاننامەی حزبی دوو سیناتۆری ئەمەریکا: ئێمەش ئاواتەخوازی ئێرانێکی ئازاد و ئاوەدانین
سیناتۆر جیم ڕیشی کۆماری و سیناتۆر جین شاهینی دیموکرادیموکرات بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و هاوسۆزی خۆیان بۆ خەڵکی ئێران دەربڕی.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کۆنگرێس و گەلی ئەمەریکا لەگەڵ خواستی داهاتوویەکی ئازاد و ئاوەداندان بۆ خەڵکی خۆڕاگری ئێران.
ئەو دوو سیناتۆرە لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات هەروەها بە توندترین شێوە سەرکۆنەی کوژرانی هەزاران خۆپیشاندەری ئاشتیخوازان کرد کە تەنیا بە هۆی مافی ئازادی ڕادەربڕین کوژراون.
هەردوو سیناتۆرە دەڵێن داوا لە حکومەتی ئێران دەکەین دەستبەجێ کۆتایی بە سەرکوتکردنی خەڵکەکەی بهێنێت.
سیناتۆر تۆم تیلیس: ئەمەریکا بێباک نییە بەرامبەر بە کوشتنی هەزاران خۆپیشاندەر لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە
تۆم تیلیس، سیناتۆری کۆماریخواز دەڵێت ئەمەریکا بێباک نییە بەرامبەر بە کوشتنی هەزاران خۆپیشاندەر لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە و ئامادەیە پشتگیری لە خەڵکی ئێران بکات.
ئەو سێناتۆرە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکس نووسیویەتی "دەوترێت ڕێژیمی ئێران بەهۆی خواستی ئازادی، 12 هەزار هاووڵاتیی خۆی کوشتووە و بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان ئینتەرنێتی داخستووە، ئەمەش هەمان ئەو شتەیە کە حکومەتێکی سەرکوتگەر بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆی دەیکات.
سیناتۆر تیلیس دەشڵێت ئەمەریکا ناتوانێت هەڵوێستی نەبێت و پێویستە لێپرسینەوە لە ڕژیمی ئێران بەرامبەر بە هەموو تاوانەکان بکات و لەگەڵ ئەو خەڵکەدا بوەستین کە بۆ ژیانێکی ئازاد خەبات دەکەن.
سیناتۆر تێد کروز: شانازی بەو قارەمانانەی ئێران دەکەم کە ڕەتیدەکەنەوە لەژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئیسلامیدا بژین
سیناتۆر تێد کروز ڕایگەیاند سەرۆک دۆناڵد ترامپ بە ڕوونی ئەوەی خستۆتە ڕوو کە ئەمەریکا لەگەڵ خەڵکی ئێرانە و شانازی دەکەم کە لەگەڵ ئەو قارەمانانەی ئێرانداین کە ڕەتیدەکەنەوە لەژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆرێکی ئیسلامیدا بژین.
تێد کروز، سیناتۆری کۆماریخواز لە ویلایەتی تەکساس هەروەها لە پۆدکاستەکەیدا وتی ”دەمەوێت ڕاستەوخۆ لەگەڵ خەڵکی ئێران قسە بکەم؛ ئێستا کاتی ئێوەیە. ئەمەریکا لەگەڵ ئێوە وەستاوە؛ جۆو بایدن چیتر لە کۆشکی سپیدا نییە، دۆناڵد ترامپ لەوێیە.