ئەمەریکا سێ لقی ئیخوان موسلمین وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی جیهانی دەستنیشان دەکات

وەزارەتی خەزێنە ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە سێ لقی ئیخوان موسلمنیان وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی دەستنیشان کردووە.

جۆن هەرلی، یاریدەدەری وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەواڵگری دارایی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "ئیخوان موسلمین ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک حەماس هان دەدات، پشتگیریان لێدەکات و پشتیوانی داراییان دەکات کە مەترسی ڕاستەوخۆیان لەسەر سەلامەتی و ئاسایشی گەلی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانمان دروستکردووە."

دەستنیشانکردنەکەی ئەمڕۆ، لقەکانی ئیخوان موسلمین لە میسر، ئوردن و لوبنان دەگرێتەوە. حکومەتی ئەمەریکا دەڵێت ئەم ڕێکخراوانە هاوکاری و پاڵپشتییان پێشکەش بە گرووپی فەلەستینی حەماس کردووە.

هەرلی وتیشی " سەرەڕای ئەوەی ڕووی ئاشتیانەیان نیشان دەدەن، بەڵام هەردوو لقی ئیخوان موسلمین لە میسر و ئوردن پیلانیان هەیە بۆ پشتیوانیکردن لە تیرۆریزمی حەماس و پێشێلکردنی سەروەری حکومەتە نیشتمانییەکانی خۆیان. ئەم بەڕێوەبەرایەتییە هەموو ئامرازێک کە لەبەردەستماندایە بەکاردەهێنێت بۆ بەرپرسیارکردنیان بەرامبەر بەو توندوتیژیانەی کە هانیدەدەن لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە سەرانسەری جیهاندا بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی شێوازە توندڕەوەکەیان لە ئیسلامدا".

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، سەرەڕای بانگەشەی ئیخوان موسلیمین کە دەستبەرداری توندوتیژی بووە، بەڵام لقەکانی ئەو گرووپانەی ئەمڕۆ دەستنیشانکراون بەردەوامن لە پشتیوانیکردنی تیرۆر بە شێوەیەک کە مەترسی لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دروست دەکات.