دۆناڵد ترامپ سەبارەت بە کوشتنی خۆپیشاندەران لە ئێران: سوپای ئەمەریکا بیر لە 'بژاردەی جددی' دەکاتەوە

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە کاردانەوە بەرامبەر ئەو هەواڵانەی کە باس لە کوژرانی خۆپیشاندەران لە ئێران دەکەن، ڕۆژی یەکشەممە، وتی "ئێمە زۆر بە ڕژد سەیری ئەم بابەتە دەکەین، سوپای [ئەمەریکا]ش سەیری دەکات و ئێمە سەیری چەند بژاردەیەکی زۆر بەهێز دەکەین و بڕیار دەدەین."

لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسانی فڕۆکەی ئەیر فۆرس وان، سەرۆک ترامپ وتی "پێدەچێت هەندێک کەس کوژراون کە نەدەبوو بکوژرێن. ئەمانە (کۆماری ئیسلامی) کەسانی توندوتیژن. ئەگەر بتەوێت بە سەرکردە ناویان ببەیت، ئیتر نازانم بەڕاستی سەرکردەن یان تەنیا لە ڕێگەی توندوتیژیەوە حوکمڕانی دەکەن."


وتیشی "بەڵام ئێمە زۆر بە جددی سەیری ئەمە دەکەین، سوپای [ئەمەریکا]ش سەیری دەکات و ئێمە سەیری بژاردەی زۆر بەهێز دەکەین و بڕیاری کۆتایی دەدەین."

سەرۆک ترامپ ئاماژەی بەوەشکرد "بەشێک لە خۆپیشاندەران بەهۆی قەرەباڵغی و ژێر پێکەوتنەوە کوژراون. مەبەستم ئەوەیە دەزانی ئەوان[خۆپیشاندەران] زۆر بوون. هەندێکیان تەقەیان لێکراوە. ئێمە خەریکە ڕاپۆرتێکی تەواومان دەست دەکەوێت. هەموو کاتژمێرێک ڕاپۆرتم بۆ دێت و دواجار بڕیار دەدەین. "

هەروەها سەرۆکی ئەمەریکا لە وەڵامی بە پەیامنێرێکی سی ئێن ئێن کە لێی پرسی بیر لە چ بژاردەیەک دەکاتەوە وتی "ئایا لێم دەپرسن چی دەکەن؟ لە کوێ هێرش دەکەین؟ کەی؟"

سەرۆک ترامپ چەندین جار ڕایگەیاندووە کە وەڵامی ئەو جۆرە پرسیارانە ناداتەوە بۆ ئەوەی یارمەتی دوژمنانی ئەمەریکا نەدات. دۆناڵد ترامپ هەروەها لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسان سەبارەت بە سەرکردە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران ڕایگەیاند کە لە پەیوەندیدایە لەگەڵیان و بەم زووانە پەیامەکەی دەبینن.


لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێرەکەی سی ئێن ئێن کە ئایا پێی وایە "ئێران هەڕەشەکانت بە جددی وەربگرێت؟" سەرۆک ترامپ بە ئاماژەدان بە نەهێشتنی قاسم سولەیمانی و ئەلبەغدادی و لابردنی هەڕەشەی ئەتۆمی لەلایەن کۆماری ئیسلامی و هەورەها ڕووداوەکانی ڤەنزوێلا و ئەزموونی چەندین ساڵەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەو وەک سەرۆکی ئەمەریکا، ئەو پرسیارەی بە گەمژانە ناوبرد و وتی "پێتوانییە لەم خاڵەدا ئەوان بە جددی وەرینەگرن؟"

هەروەها پەیامنێرێکی دیکە لە دۆناڵد ترامپ پرسی"شتێک گوتراوە کە ئێران دەیەوێت بە شێوەیەکی دیپلۆماسی بەشداری بکات. پێتوایە گرنگە بۆ ئەوان دانوستان لەسەر ئەتۆمی بکەن."
سەرۆکی ئەمەریکا وتیشی "ئەوان (کۆماری ئیسلامی) دوێنێ پەیوەندییان کرد. دوێنی پەیوەندیان کرد بۆ دانوستان. سەرکردەکانی ئێران پەیوەندییان کردووە و دەیانەوێت دانوستان بکەن. پێموایە بێزاربوون لە لێدان لەلایەن ئەمەریکاوە."

سەرۆک ترامپ هەروەها وتی "کۆماری ئیسلامی دەیەوێت دانوستان بکات و ڕەنگە لەگەڵیان کۆببینەوە، مەبەستم ئەوەیە کە کۆبوونەوەیەک پلانی بۆ داڕێژراوە، بەڵام ڕەنگە بەهۆی ئەو ڕووداوانەی پێش کۆبوونەوەکە ڕوودەدەن ناچار بین هەنگاو بنێین. بەڵام خەریکە پلان بۆ کۆبوونەوەیەک دادەنرێت."

شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەکان لە سەرانسەری ئێران بەردەوامن و لە ئێستا پێی خستووەتە سێیەم هەفتەی خۆیەوە. ئەم ناڕەزایەتیانە بە شێوەیەکی توندوتیژانە لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە هەوڵی سەرکوتکردنیان دەدرێت و هەتا ئێستاش ژمارەیەک هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە یان برینداربوون و خەڵکێکی زۆریش بە شێوەیەکی بەرفراوان دەستگیرکراون.