تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا ڕۆژی شەممە، 10ی مانگی یەک بە نوێنەرایەتی سەرۆک ترامپ و مارکۆ رۆبیۆ لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرع سەرۆک کۆماری سوریا و ئەسەد شەیبانی وەزیری دەرەوە و ئەندامانی تیمەکەیان لە دیمەشق کۆبوویەوە بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی حەلەب و ڕایگەیاند ئەوەی لە شارەکەدا ڕوودەدات هەڕەشە لە ڕێککەوتنی 10ی مانگی سێی ساڵی ڕابردوو دەکات و جێگای نیگەرانییەکی گەورەیە.
نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا جەختی لەوە کردەوە کە واشنتن ئامادەیە بۆ ئاسانکاری دانوستانەکانی نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئاماژەی بەوەشکرد وڵاتەکەی خوازیاری گفتوگۆیەکی بنیاتنەرە کە ببێتە هۆی تێکەڵبوونی تەواو و بەرپرسیارانەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەناو حکومەتدا.
باراک وتی هەموو پێکهاتەکان بە عەرەب و کورد و دروز و مەسیحی وعەلەوی و تورکمان و ئاشووری و ئەوانی دیکەشەوە دەبێت بە ڕێز و کەرامەتەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و بەشدارییەکی ماناداریان پێدەدرێت لە دامەزراوەکانی حوکمڕانی و ئەمنیدا.
لە ڕاگەیەندراوەکەی باراکدا هاتووە کە تیمی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕوبیۆ ئامادەیە بۆ ئاسانکاری بۆ بەشداریکردنی بنیاتنەر لە نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکراتدا بۆ پێشخستنی پرۆسەی یەکگرتنی گشتگیر و بەرپرسیارانە، پرۆسەیەک کە ڕێز لە یەکێتی سوریا بگرێت و بنەمای یەک دەوڵەتی خاوەن سەروەری بپارێزێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی نێردەی ئەمەریکا بۆ سوریا داوا لە دراوسێکانی سوریا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە پشتگیری لەو ڕوانینیەی ئەمەریکا بکەن و هاوکاری پێویست پێشکەش بکەن بۆ بەدیهێنانی.