دۆناڵد ترامپ: ئێران زیاتر لە هەموو کاتێک چاوی لە ئازادییە

  • Voice of America

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا جارێکیتر بە پەیامێکی کورت لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی 'تروث سۆشال' وێرای دووپاتکردنەوەی پشتگیری ئەمەریکا بۆ خۆپیشاندەران لە ئێران، ڕایگەیاند و گوتی ئێران نزیک بووەتەوە لەئازادی.

سەرۆک ترامپ ڕۆژی شەممە، 10ی مانگی یەک لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی "ئێران بەدوای ئازادیدا دەگەڕێت؛ ڕەنگە زیاتر لە جاران. ئەمەریکا ئامادەیە بۆ یارمەتیدان."


ئەم پەیامەی سەرۆک لە کاتێکدایە کە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاش ئەمڕۆ پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران ڕاگەیاند و هۆشداری دا لە هەر جۆرە سەرکوتکردنێکی توندوتیژانە بۆ سەر خۆپیشاندەران.

سەرۆکی ئەمەریکا پێشتریش گرتەیەکی ڤیدیۆیی ناڕەزایەتییەکانی ئێرانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی بڵاوکردەوە و نووسیبووی "زیاتر لە ملیۆنێک کەس بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کردووە." و وتیشی "دووەم گەورەترین شاری ئێران کەوتووەتە دەست خۆپیشاندەران و هێزەکانی حکومەت پاشەکشەیان کردووە."

دۆناڵد ترامپ ڕۆژی هەینیش ڕایگەیاند و وتی کۆماری ئیسلامی ئێران تووشی کێشەیەکی گەورە بووە و وتیشی پێموایە خەڵک دەست بەسەر ئەو شارانەدا دەگرن کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر کەس پێی وا نەبووە ئەو شتە مومکین بێت.

سەرۆک ترامپ ئاماژەی بەوەشکرد ئێمە زۆر لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەین و زۆر ڕوونم کردووەتەوە کە ئەگەر دەست بکەن بە کوشتنی خەڵک وەک ئەوەی لە ڕابردوودا کردوویانە، ئێمە هەنگاو دەگرینەبەر.