مارکۆ ڕۆبیو، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە، 10ی مانگی یەک لە پەیامێکی کورتدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکس دووپاتی کردەوە کە ئەمەریکا پشتیوانی لە خەڵکی ئازای ئێران دەکات.
پێشتریش ڕۆژی هەینی ماڵپەڕی فارسی زمانی وەزارەتی دەرەوە ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بە بڵاوکردنەوەی چەند پەیامێک ئاماژەی دا بە ڕاپەڕینی سەرتاسەری لە ئێران و داخستنی تەواوەتی ئینتەرنێت و چڕبوونەوەی سەرکوتکردنی ناڕازییان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە.
وەزارەتەکە وێڕای دەربڕینی هاوسۆزی لەگەڵ خەڵک جەختی لەوە کردەوە کە ئیرادەی خەڵکی ئێران بە داخستنی ئینتەرنێت لەناو ناچێت. لە یەکێک لەو پەیامانەدا هاتووە "رێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ بێدەنگکردنی دەنگی خەڵکی ئێران ئینتەرنێتی بەتەواوی داخستوە، بەڵام دەنگی خەڵک وەک ئینتەرنێت نییە کپ بکرێت" دەشڵێت "خەڵکی ئێران، جیهان هێشتا دەتبیستێت و دەتبینێت!"
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمەریکاش چەندین جار هۆشداری داوەتە بە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کە ئەگەر حکوومەتی ئێران خۆپیشاندەران بکوژێت، ئەوا هەنگاو بۆ پشتیوانی لە خەڵک دەگرێتەبەر.
خولی نوێی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران جارێکی دیکە لە 28ی مانگی 12وە لە تارانەوە دەستیپێکردوەتەوە و لە سەرانسەری وڵاتدا تەشەنەی کردووە، ئەمەش بەهۆی توڕەیی گشتیی خەڵک لەسەر خراپ بەڕێوەبردن و گەندەڵی ڕژێمی ئێران کە بووەتە هۆی خراپتربوونی قەیرانی ئابووری و دابەزینی پێوانەیی بەهای تمەن بەرامبەر بە دۆلار.