سەرۆک ترامپ دەڵێت دوای هاوکاری سەرکردە کاتییەکان، شەپۆلێکی دووهەمی هێرشی بۆ سەر ڤەنزوێلا هەڵوەشاندووەتەوە

سەرۆک دۆناڵد ترامپ ڕایدەگەیەنێت شەپۆلێکی هێرشی دووهەمی چاوەڕوانکراوی بۆ سەر ڤەنزوێلا هەڵوەشاندووەتەوە و جەختی لەوەش کردەوە کە سەرکردە کاتییەکانی وڵاتەکە و ئەمەریکا بە باشی پێکەوە کاردەکەن "بەتایبەت لە کاتێکدا کە پەیوەندی بە دووبارە بنیاتنانەوەی" ژێرخانی نەوت و گازەکانیانەوە هەیە.

ترامپ هەینی لە پلاتفۆرمی تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆیدا لە پۆستێکدا ئاماژەی بەوەدا "ڤەنزوێلا ژمارەیەکی زۆر لە زیندانیانی سیاسی ئازاد دەکات وەک 'ئاماژەیە بۆ ئاشتی'. ئەمە هەنگاوێکی زۆر گرنگ و ژیرانەیە."

دوای گرتنی دیکتاتۆر نیکۆلاس مادۆرۆ ڕۆژی شەممەی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە، ترامپ ڕۆژی هەینی وتی، "ئەمەریکا و ڤەنزوێلا بە باشی پێکەوە کاردەکەن، بەتایبەتی لەو شوێنەی کە پەیوەندی بە ئاوەدانکردنەوەی، بە شێوەیەکی زۆر گەورەتر و باشتر و مۆدێرنتر، ژێرخانی نەوت و گازیانەوە هەیە. بەهۆی ئەم هاوکارییەوە، شەپۆلی دووهەمی هێرشەکانم هەڵوەشاندەوە کە پێشتر چاوەڕوان دەکرا، پێدەچێت پێویست نەبێت، بەڵام هەموو کەشتیەکان لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە بۆ مەبەستی سەلامەتی و ئاسایش."

ترامپ ڕایگەیاند ڕۆژی هەینی لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی کۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر یارمەتیدانی دووبارە بنیاتنانەوەی ژێرخانی وزەی ڤەنزوێلا. وتیشی " بەلایەنی کەمەوە 100 ملیار دۆلار لەلایەن کۆمپانیای بیگ ئۆیل دەخرێتە گەڕ، کە ئەمڕۆ لە کۆشکی سپی لەگەڵ هەموویان کۆدەبمەوە".

سەرەتای ئەم هەفتەیە سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند کە ڤەنزوێلا 30 بۆ 50 ملیۆن بەرمیل نەوت ڕادەست دەکات هەتا بە نرخی بازاڕ بفرۆشرێت بۆ ئەوەی سوود بە خەڵکی ڤەنزوێلا و ئەمەریکا بگەیەنێت. سەرۆک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث سۆشیال ڕایگەیاندووە کە نەوتەکە "لە ڕێگەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانەوە ڕاستەوخۆ دەهێنرێتە بەندەرەکانی ئەمەریکا."

لە ئێستادا دیلسی ڕۆدریگێز سەرۆکی کاتی لە ڤەنزوێلا سەرکردایەتی حکومەت دەکات، دوای دەستگیرکردنی مادۆرۆ کە ئێستا لە ئەمەریکا ڕووبەڕووی تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و چەک بووەتەوە.

سەرۆک دۆناڵد ترامپ ڕۆژی چوارشەممە بە ڕۆژنامەی نیو یۆرک تایمزی گوت، سەرپەرشتیکردنی ڤەنزوێلا لەلایەن ئەمەریکاوە دەشێت چەندین ساڵ بخایەنێت.

لە وەڵامی پرسیارێک کە ئایا ئەمەریکا هەتا چەندێک سەرپەرشتی ڤەنزوێلا دەکات، ترامپ گوتی "تەنها کات ئەمە دیاری دەکات".

کاتێک پرسیاری لێ کرا ئایا مانگێک، ساڵێک، یان زیاتری پێدەوێت، لە وەڵامدا گوتی "دەڵێم زۆر درێژتر".

سەرۆک ترامپ گوتی، دەسەڵاتە کاتییەکانی ئێستا کە ڤەنزوێلا بەڕێوەدەبەن "هەموو شتێکمان پێدەدەن کە هەست دەکەین پێوستن"، هەروەها بەڵێنی دا وڵاتەکە "بە شێوەیەکی زۆر قازانج بەخش" بنیاتبنێتەوە.

گوتیشی "ئێمە نەوت بەکاردەهێنین، نەوتیش دەبەین. ئێمە نرخی نەوت دادەبەزێنین، پارەش دەدەین بە ڤەنزوێلا، کە ئەوان زۆر پێویستیان پێیەتی."

کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕۆژی چوارشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ئەمەریکا سزاکانی سەر ڤەنزوێلا هەندێکی سووک دەکات بۆ ئەوەی ڕێگە بە گواستنەوە و فرۆشتنی نەوتی خاو بۆ بازاڕە جیهانییەکان بدرێت.

تەبێژی کۆشکی سپی گوتیشی "هەموو داهاتەکانی فرۆشتن لە ڤەنزوێلا کە نەوتی خاو و هەموو بەرهەم و کاڵاکان دەگرێتەوە، سەرەتا لە هەژمارەکانی کە لەلایەن ئەمەریکاوە کۆنترۆڵ کراون لە بانکە دانپێدانراوەکانی جیهاندا دادەنرێت بە مەبەستی مسۆگەرکردنی شەرعیەت ڕاستی و دروستی دابەشکردنی کۆتایی داهاتەکان، و ئەو پارانەش بۆ بەرژەوەندی گەلی ئەمەریکا و گەلی ڤەنزوێلا بە ئارەزووی حکومەتی ئەمەریکا خەرج دەکرێن."