سەرۆک ترامپ دەڵێت سەرپەرشتیکردنی ڤەنزوێلا لایەن ئەمەریکاوە دەشێت بۆ چەندین ساڵ بەردەوام بێت  

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا

سەرۆک دۆناڵد ترامپ ئاماژەی بەوەدا سەرپەرشتیکردنی ڤەنزوێلا لەلایەن ئەمەریکاوە دەشێت چەندین ساڵ بخایەنێت، دوای ئەوەی نیکۆلاس مادۆرۆ دیکتاتۆری وڵاتەکە ڕۆژی شەممە لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە دەستگیرکرا.

ئێوارەی چوارشەممە لە دەمی چاوپێکەوتنێکی بەرفراوان لەگەڵ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، لە وەڵامی پرسیارێکی کە ئایا ئەمەریکا هەتا چەندێک سەرپەرشتی ڤەنزوێلا دەکات، ترامپ گوتی "تەنها کات ئەمە دیاری دەکات".

کاتێک پرسیاری لێ کرا ئایا مانگێک، ساڵێک، یان زیاتری پێدەوێت، لە وەڵامدا گوتی "دەڵێم زۆر درێژتر".

سەرۆک ترامپ گوتی، دەسەڵاتە کاتیەکانی ئێستا کە ڤەنزوێلا بەڕێوەدەبەن "هەموو شتێکمان پێدەدەن کە هەست دەکەین پێوستن"، هەروەها بەڵێنی دا وڵاتەکە "بە شێوەیەکی زۆر قازانج بەخش" بنیاتبنێتەوە.

گوتیشی "ئێمە نەوت بەکاردەهێنین، نەوتیش دەبەین. ئێمە نرخی نەوت دادەبەزێنین، پارەش دەدەین بە ڤەنزوێلا، کە ئەوان زۆر پێویستیان پێیەتی."

سەرەتای ئەم هەفتەیە سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند کە ڤەنزوێلا 30 بۆ 50 ملیۆن بەرمیل نەوت ڕادەست دەکات هەتا بە نرخی بازاڕ بفرۆشرێت بۆ ئەوەی سوود بە خەڵکی ڤەنزوێلا و ئەمەریکا بگەیەنێت. سەرۆک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث سۆشیال ڕایگەیاندووە کە نەوتەکە "لە ڕێگەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانەوە ڕاستەوخۆ دەهێنرێتە بەندەرەکانی ئەمەریکا."

کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕۆژی چوارشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ئەمەریکا سزاکانی سەر ڤەنزوێلا هەندێکی سووک دەکات بۆ ئەوەی ڕێگە بە گواستنەوە و فرۆشتنی نەوتی خاو بۆ بازاڕە جیهانییەکان بدرێت.

خانم لیڤیت گوتیشی "هەموو داهاتەکانی فرۆشتن لە ڤەنزوێلا کە نەوتی خاو و هەموو بەرهەم و کاڵاکان دەگرێتەوە، سەرەتا لە هەژمارەکانی کە لەلایەن ئەمەریکاوە کۆنترۆڵ کراون لە بانکە دانپێدانراوەکانی جیهاندا دادەنرێت بە مەبەستی مسۆگەرکردنی شەرعیەت ڕاستی و دروستی دابەشکردنی کۆتایی داهاتەکان، و ئەو پارانەش بۆ بەرژەوەندی گەلی ئەمەریکا و گەلی ڤەنزوێلا بە ئارەزووی حکومەتی ئەمەریکا خەرج دەکرێن."

لەلایەکی دیکەوە، وەزیری دەرەوە مارکۆ ڕوبیۆ و وەزیری جەنگ پیت هێگسێت ڕۆژی چوارشەممە ئەندامانی کۆنگرێسیان لە ئۆپەراسیۆنی ئەم دواییەی گرتنی مادۆرۆ ئاگادار کردەوە کە ڕووبەڕووی تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و چەک بووەتەوە لە ئەمەریکا.

دواتر ڕوبیۆ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە پلانی داهاتوو بۆ ڤەنزوێلا لە سێ قۆناغ پێکدێت کە بریتین لە سەقامگیری، هاتنەوەسەرخۆ و گواستنەوە.

ئەو گوتی بۆ سەقامگیرکردنی وڵاتەکە، “نامانەوێت بکەوێتە نێو ئاژاوەوە". ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دوای دەستگیرکردنی مادۆرۆوە چەندین جار لەگەڵ دێلسی ڕۆدریگێز سەرۆکی کاتی ڤەنزوێلا قسەی کردووە.

وەک بەشێک لە هاتنەوەسەرخۆی وڵاتەکە، ڕوبیۆ وتی هەوڵەکان بریتی دەبن لە "دڵنیابوون لەوەی کۆمپانیا ئەمەریکایی و ڕۆژئاواییەکان و کۆمپانیاکانی دیکە دەستیان بە بازاڕی ڤەنزوێلا بگات بە شێوەیەک کە ڕەوا بێت."

بۆ قۆناغی کۆتاییش، گەورە دیپلۆماتی ئەمەریکا گوتی "پرۆسەی ئاشتەوایی لەسەر ئاستی نیشتمانی لەناو ڤەنزوێلادا ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەوەی لێبوردن هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بگرێتەوە و ئازاد بکرێن".

هەر ڕۆژی چوارشەممە مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە لێدوانێکدا سەبارەت بە ڤەنزوێلا ڕایگەیاند زۆر بە وردی باس لە شێوازی ئۆپەراسیۆنەکە و چۆنیەتی ئەنجامدانی بۆ ئەندامانی کۆنگرێس کراوە.

بەشێک لە ئەندامانی دیموکراتەکان ڕایانگەیاند کە وەڵامی زیاتریان دەوێت سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوو لە ڤەنزوێلا. چاک شومەر، سەرۆکی کەمینە لە سینات داوای لە بەڕێوەبەرایەتی ترامپ کرد لە دانیشتنە گشتییەکاندا وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە.