سەرۆک ترامپ فەرمان دەدات وڵاتەکەی بکشێتەوە لەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییانەی پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا کار دەکەن

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا کۆتایی بە پاڵپشتیکردن و پارەدان و بەشداریکردنی ئەمەریکا لە دەیان ڕێکخراوی نێودەوڵەتی دەهێنێت کە چیتر خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا ناکەن.

سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە 7ی مانگی یەک فەرمانێکی جێبەجێکاری واژو کرد و فەرمانی بە بەڕێوبەرایەتییەکەی کرد لە 66 ڕێکخراو و ئۆرگان و کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتی بکشێتەوە کە بریتین لە 31 دەزگای سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و 35 دەزگای جیاوازی دیکە و دەڵێت هەموویان پێچەوانەی بەرژەوەندییە نیشتمانی، ئاسایش، خۆشگوزەرانی ئابووری یان سەروەری ئەمەریکا کاردەکەن.

لە یاداشتەکەی سەرۆکایەتیدا هاتووە بڕیارەکە دوای ئەوە دراوە کە حکومەت پێداچوونەوەی بە هەموو ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و دەزگایانە کردووە کە ئەمەریکا تیایاندا ئەندامە یان پارەیان بۆ دابین دەکات و پشتگیریان لێ دەکات.

لە فەرمانەکەدا هاتووە کشانەوەکان دەببنە هۆی کۆتاییهێنانی بە سەرفکردنی پارەی باجدەرانی ئەمەریکایی بۆ ئەو ڕێکخراوانەی کە بەرنامەی کاریان دەخەنە پێش ئەولەویەتەکانی ئەمەریکا یان لە چارەسەرکردنی پرسە گرنگەکان هێندە کاریگەر نین، بۆیە پارەی باجدەرانی ئەمەریکا باشترە لە شوێنێکی دیکە خەرج بکرێت بۆ پێشخستنی ئەرکی دیکە.

زۆرێک لەو ڕێکخراوانە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانن و کار دەکەن لەسەر کەشوهەوا و کار و کۆچ و پرسەکانی دیکە.

مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "بەرێوبەرایەتی ترامپ دیاریکردووە کە ئەو دامەزراوانە خراپ بەڕێوەدەبرێن و ناپێویست و ناکارامەن و خزمەت بە بەرژەوەندی ئەو لایەنانە دەکەن کە ئەجێندای خۆیان بەرەوپێش دەبەن لە کاتێکدا لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا ناکۆکن یان هەڕەشەن بۆ سەر سەروەری و ئازادی و خۆشگوزەرانی گشتی وڵاتەکەمان."

لە ماوەی 11 مانگی ڕابردوودا، بەڕێوبەرایەتی ئەمەریکا پارەی بۆ دامەزراوەکانی وەک ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین (UNRWA)، ئەنجومەنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوی پەروەردەیی، زانستی و ڕۆشنبیری نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسکۆ)ی ڕاگرتووە.

لە فەرمانی جێبەجێکردنی سەرۆکدا هاتووە "زۆرێک لەو دامەزراوانە سیاسەتی توندڕەوانەی کەشوهەوا و حوکمڕانی جیهانی و ئەجێندا ئایدیۆلۆژییەکان بەرەوپێش دەبەن کە لەگەڵ سەروەری و دەسەڵاتی ئابووری ئەمەریکادا ناکۆکن."

هەروەها لە یاداشتەکەدا هاتووە خەرجکردنی ملیاران دۆلار پارەی باجدەری خەڵکی ئەمەریکا لەو ڕێکخراوانەدا دەستکەوتێکی بەرچاو و ڕاستەقینەی نەبووە.

لە فەرمانەکەدا هاتووە کشانەوەکە لەم ڕێکخراوانە وەها دەکات نەک پارەی باجدەران پاشەکەوت بکرێت، بەڵکو وەهاش دەکات سەرچاوەکان لەسەر ئەولەویەتەکانی 'یەکەم ئەمەریکا' چڕ ببنەوە.

جگە لەوەش وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕایگەیاندوە لە چوارچێوەی ئەم بڕیارەدا، سندوقی سەوزی کەشوهەوا(GCF)ی ئاگادارکردووەتەوە کە ئەمەریکا لە سندوقەکە دەکشێتەوە و "دەستبەجێ لە شوێنەکەی لە دەستەی کارگێڕی سندوقەکە کێشاوەتەوە."