سەرۆکی حکومەتی هەرێم نیگەرانە لەمەڕ ڕووداوەکانی حەلەب

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانی قووڵی لەسەر ڕووداوەکانی حەلەب دەربڕی و داواش دەکات پەنا بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکرێن.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندنێکدا دەڵێت "بە ئامانجگرتنی کورد لەپێناو گۆڕینی دیموگرافیی ناوچەکە و دروستکردنی مەترسی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییانی سڤیل، دەسەڵاتی دیمەشق و ویژدانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەخاتە ژێر پرسیارەوە."

مەسرور بارزانی لە ڕاگەیاندنەکەی ئەمڕۆ پێنجشەممەدا دەشڵێت "شەڕ و توندوتیژی، چارەسەری بنەڕەتیی هیچ کێشەیەک ناکات. هیچ بیانوو و پاساوێک نابێت ڕێگە بە پاکتاوی ڕەگەزی بدات. پەلاماردانی گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری حەلەب، ئێمەی بە قووڵی نیگەران کردووە."

داواشی لە لایەنەکان کرد دان بەخۆیاندا بگرن و " ژیانی هاووڵاتییان بپارێزن و بۆ چارەسەریی کێشەکان، پەنا بۆ دیالۆگ و گفتوگۆ ببەن. "

هیواشی خواست "سیستەمی حوکمڕانیی ئێستای سووریا لە ئاستی بەرپرسیارەتیی دەسەڵاتێکی دیموکرات و گشتگیر بۆ هەموو خەڵکی سووریا بێت."

لە ڕۆژی سێشەممەوە هێرشی هێزەکانی سەر بە حکومەتی سوریا لە گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود لە حەلەب دەستیپێکردووە و لە ئەنجامدا هەزاران لە دانیشتوانی ئەو گەڕەکە کوردنشینانە ناچاربوون ماڵەکانی خۆیان جێبهێڵن.

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) دەڵێت گرووپەکانی سەر بە لەشکری سوریا بەم هێرشانە ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا پێشێل دەکەن. حکومەتی سوریاش هەسەدە بە دەستپێکردنی شەڕی حەلەب تۆمەتبار دەکات.