Accessibility links

دواین زانیاری لەسەر شەڕو پێکدادان لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب لە سوریا

نەخشەی سوریا، حەلەب
نەخشەی سوریا، حەلەب

بە پێی دواین ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب لە سوریا، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە کوژراون ئەمڕۆ چوارشەممە گەیشتووەتە حەوت کەس.

ئاسایش لە ڕاگەیاندنەکەیدا دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشەکانی هێزەکانی سەر بە حکومەتی سوریا بۆ سەر ئەو دوو گەڕەکە کوردنشینە، 54 کەسیش برینداربوون، لە ناویاندا ژن و منداڵیش.

هێرشەکانی هێزەکانی سەر بە حکومەت لە ڕۆژی سێشەممەوە دەستیانپێکردووە و لە ئەنجامدا هەزاران لە دانیشتوانی ئەو گەڕەکە کوردنشینانە ناچاربوون ماڵەکانی خۆیان جێبهێڵن.

سوپای سوریا ڕۆژی چوارشەممە شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی وەکو ئامانجی سەربازی دیاری کرد، نیگەرانی هەیە ئۆپەراسیۆنێکی فراوان لە ناوچەکەدا ئەنجام بدرێت.

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) دەڵێت گرووپەکانی سەر بە لەشکری سوریا بەم هێرشانە ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا پێشێل دەکەن. حکومەتی سوریاش هەسەدە بە دەستپێکردنی شەڕی حەلەب تۆمەتبار دەکات.

ڕووداوەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە لایەن چەندین کەسایەتی و لایەنەوە شەرمەزار کراوە لەناویاندا نوێنەری بەریتانیا بۆ سوریا، ئەن سنۆ داوای وەستاندنی دەستبەجێی شەڕەکە و پاراستنی خەڵکی سیڤیلی کردووە.

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پەیامێکدا ڕایگەیاند مەترسی "پاکتاوی ڕەگەزی لە دژی کورد" لە ناوچەکەدا هەیە.

سەرۆک بارزانی دەڵێت "ئەو بارودۆخە مەترسیدار و ئەو شەڕ و توندوتیژیەی كە ئێستا لە شاری حەلەب هەیە جێگەی نیگەرانییەكی زۆرە و مەترسی لەسەر ژیانی خەڵكی سڤیل و هاووڵاتیانی بێتاوان دروست كردووە و هەڕەشەی پاكتاوی ڕەگەزی لەدژی كورد لەو ناوچەیەدا هەیە."

هەروەها داوا لە حکومەتی سوریا و هەسەدەش دەکات ڕێگای دیالۆگ هەڵبژێرێن و دەڵێت " داوا لە دەستەڵاتدارانی سووریا دەكەم ناكۆكیی سیاسی نەكرێتە ناكۆكیی نەتەوەیی و لەو كێشە و گرفتانەی لە ناوچەی حەلەبدا هەن ڕێگە نەدرێ هاووڵاتیانی كورد تووشی گوشار و زەبروزەنگ و دەركردنیان لە شوێنی باب و باپیرانیان و پاكتاوی ڕەگەزی ببنەوە، هەروەها داواش لە لایەنە كوردییەكان و بە تایبەت (قسد) دەكەم ئەوەی لە توانایاندا بێت بیكەن لەپێناو ڕاگرتنی شەڕ و پێكدادان و ڕێگەگرتن لە خونڕێشتنی زیاتر و هەردوولا كار بۆ گرتنەبەری ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ بكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان. ناكرێ بوونی ناكۆكیی سیاسی ببێتە هۆی ئەوەی ژیانی خەڵكی سڤیل بخرێتە ژێر مەترسی و پاكتاوی ڕەگەزی لەدژی گەلی كورد ڕوو بدات و ئەوە تاوانی دژی مرۆڤایەتیە و دەرئەنجامی مەترسیداری لێدەكەوێتەوە."

لە 1ی نیسانی 2025دا هەسەدە و شام ڕێککەوتنێکیان مۆرکرد کە هەردوو گەڕەکی کوردنشین لە ژێر دەستی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بمێننەوە و خاڵەکانی کۆنترۆڵ بە هاوبەشی بەڕێوەببرێن.

لە ساڵی 2012وە شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزە کوردییەکاندابوون، بەڵام لە پاش ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە کۆتایی ساڵی 2024وە چەندین جار ئاڵۆزی و پێکدادان لە ناوچەکەدا دروست بووە.

XS
SM
MD
LG