ترامپ: هەوڵەکان بۆ هێنانەدی ئاشتی لە ئۆکرانیا بەخێرایی بەرەوپێش دەچن

دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە 27ی مانگی دوو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ کێیەر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند هەنگاوی داهاتوو سەبارەت بە شەڕی ئۆکرانیا هەنگاونان بەرەو ئاگربەستە.

سەرۆک ترامپ ئاماژەی بەوەشکرد هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە ئۆکرانیا "بەخێرایی" بەرەوپێش دەچێت و دووپاتیکردەوە ئەگەر سەرۆکی ئەمەریکا بووایە، شەڕی ئۆکرانیا هەرگیز ڕووی نەدەدا و زیاتر لە ملیۆنێک کەس نەدەکوژران.

ترامپ لە درێژەی قسەکانیدا وتی "شەڕی ئۆکرانیا گرنگی و پێویستی زیادکردنی بەشداری ئەندامانی دیکەی ناتۆی لە دابینکردنی بودجەی ئەم هاوپەیمانییە بەرگرییەدا نیشان دەدات."

سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها ڕایگەیاند ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێڵنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کە بڕیارە ڕۆژی هەینی بگاتە واشنتن، ئەمەریکا دەکاتە هاوبەشێک لە پەرەپێدانی کانزاکانی ئۆکرانیا و ئەمەش وادەکات ئەو پارەیەی لە باجدەرانی ئەمەریکا بۆ شەڕی ئۆکرانیا دراوە، بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە هاوبەشەدا، بەرگری لە سیاسەتی گومرگی خۆی بەرامبەر وڵاتانی دیکە کرد و ڕایگەیاند ئەم سیاسەتە هاوسەنگی لە نێوان ئەمەریکا و ئەواندا دروستکردووە.

هەروەها کێیەر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە دانۆڵد ترامپ کرد وەک "دۆستێکی زۆر باش"ی بەریتانیا لە کۆشکی سپی.

ئاماژەی بەوەشکرد ئەوروپا زیاتر لە جاران هاوکاری ئۆکرانیا دەکات و بەریتانیا زۆرترین خەرجی خۆی بۆ پرسە سەربازییەکان تەرخانکردووە لە دەیان ساڵی ڕابردوودا.

چەند کاتژمێرێک پێش ئەم کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە هاوبەشە، سەرۆکی ئەمەریکا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ڤۆلۆدیمیر زێڵنسکی دەگاتە واشنتن.

بە وتەی ئەو، پێش ئەوەی هێزێکی ئاشتیپارێز لە ئۆکرانیا پێکبهێنرێت، پێویستە ڕێککەوتنی ئاشتی بکرێت.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ ڕووسیا و ئۆکرانیا هەیە.

بە گوتەی ترامپ، ڕووسیا "کارێکی زۆر باش"ی ئەنجامداوە و پێشکەوتنێکی زۆریش بە ئاراستەی گەیشتن بە ئاشتی بەدیهاتووە.

سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند پێیوانییە ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا جارێکی دیکە داگیرکەری ئۆکرانیا بکاتەوە، ئەگەر ئاشتی بەدیهات، پوتینش پابەندی بەڵێنەکەی دەبێت.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد متمانەی بە پوتن هەیە بەڵام پێویستە تاقیبکاتەوە.

سەبارەت بە پەیوەستبوونی ئۆکرانیا بۆ ناتۆ، ڕایگەیاند کە ئەمە ڕوونادات. بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد بەدڵنیاییەوە هەوڵدەدات زۆرترین خاکی ئۆکرانیا بگەڕێنێتەوە بۆ سەروەری وڵاتەکەی.

ستارمەر دوای گەیشتنیان بە واشنتن جەختی لەسەر "هاوبەشی" نێوان بەریتانیا و ئەمەریکا کردەوە و لە لێدوانێکی کورتدا وتی "ئێمە هاوبەشییەکی نوێمان دەوێت، چونکە مێژوومان دەریدەخات کە کاتێک پێکەوە کاردەکەین، شتگەلێکی گەورە ڕوودەدەن."

ئەو ڕۆژی سێشەممە لە هەنگاوێکدا بۆ ڕازیکردنی ترامپ، زیادکردنی چاوەڕواننەکراوی بودجەی بەرگری بەریتانیای بۆ 2.5%ی کۆی گشتی بەرهەمی ناوخۆی وڵاتەکە تا ساڵی 2027 ڕاگەیاند و پاشان بۆ ساڵی دواتریش بۆ 2.6%.

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕۆژی سێشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە زیادکردنی بودجەی بەرگری "سێ ساڵە لە پرۆسەدایە" و دوای لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ساڵی 2022دا خراوەتە بەرنامەوە.