سەرۆک ترامپ دەڵێت ئەمەریکا خاوەندارێتی غەززە دەکات

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆ

دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، دەیەوێت ئەمەریکا خاوەندارێتی کەرتی غەززە بکات، دوای ئەوەی داوای کرد فەلەستینییەکان لەو ناوچە بە جەنگ وێرانبووە بگوازرێنەوە بۆ وڵاتانی دراوسێی ئوردن و میسر.

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند، "ئەمەریکا کەرتی غەززە دەگرێتەدەست و کار بۆ نۆژەنکردنەوەی دەکات."

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەدان هەزار فەلەستینی لە باشووری غەززە بەرەو باکوور گەڕانەوە سەر ماڵەکانیان، دوای ئەوەی ئیسرائیل ڕێگەی بە گەڕانەوەی خەڵک دا لە چوارچێوەی ئاگربەستێک لەگەڵ حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتەکان.

ترامپ ئاماژەی بەوەشکرد، "دەیەوێت گەشە بە ناوچەکە بدات و ببێت بە ناوچەیەکی گەشتیاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەموو ئەوانەی لەو بارەیەوە قسەی لەگەڵ کردوون ئەم بیرۆکەیان بە پەسەند زانیووە کە ئەمەریکا خاوەندارێتی کەرتەکە بکات و پەرەی پێبدات و هەزاران هەلی کار بۆ خەڵک بڕەخسێنن، لە کاتێکدا ناوچەکە بەڕاستی شایستەی ئەوەیە".

ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوە کرد، کە یەکێک لە ئامانجەکان شەڕەکە، دڵنیابوونەوەیە لەوەی کە حەماس جارێکی دیکە هەڕەشە لەسەر ئیسرائیل دروست ناکاتەوە. بەڵام نەتانیاهۆ وتی ترامپ "ئەوە دەباتە ئاستێکی باڵاتر."

ئاماژەی بەوەشکرد، پێموایە ئەمە شتێکە دەتوانێت مێژوو بگۆڕێت و بەڕاستی شایەنی ئەوەیە کاری لەسەر بکرێت.

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەرغەززە دەستیپێکرد پاش ئەوەی حەماس لە 7 ی مانگی دەی ساڵی ڕابردوو هێرشێکی لەناکاوی کردە سەر ئیسرائیل و بەهۆیەوە زیاتر لە 1200 کەسی ئیسرائیلی و بیانی کوژران و زیاتر لە 240 کەسیش کە ژمارەیەکیان منداڵن لەلایەن حەماسەوە بە بارمەتە بران.

لە هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیلدا زیاتر لە 47 هەزار و 500 فەلەستینی کوژران کە زیاتر لە نیوەی ئەو فەڵەستینیانە ژن و منداڵ بوون. سوپای ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت، لە نێو کوژراوەکاندا 17 هەزار چەکداری بزووتنەوەی حەماس لەخۆدەگرێت.