عەرەبستانی سعودیە پیرۆزبایی لە جۆلانی دەکات

ئەحمەد ئەلشەرع، ڕێبەری سوریا، (دەستەڕاست) پێشوازی دەکات لە فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعودیە، لە میانەی سەردانێکیدا بۆ دیمەشق 24ی یەکی 2025

شا و شازادەی جێنشینی عەرەبستانی سعودیە ڕۆژی پێنجشەممە پیرۆزباییان لە ئەحمەد ئەلشەرع کرد بە بۆنەی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی کاتیی سوریا دوای کەمتر لە دوو مانگی سەرکردایەتی کردنی لابردنی بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی سوریا.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوە، شا سەلمان لە ڕایگەیاندووە "خۆشحاڵین بەبۆنەی دەستبەکاربوونی ئێوە لە پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری عەرەبی سوریا لە قۆناغی گواستنەوەدا، پیرۆزبایی خۆمانت ئاراستە دەکەین."

ڕۆژی چوارشەممە ئەحمەد ئەلشەرع ناسراو بە محمەد جۆلانی وەک سەرۆکی کاتیی سوریا بۆ ماوەیەکی دیاری نەکراو دەستنیشانکرا. ڕۆژی پێنجشەممە ئەو پێشوازی کرد لە ئەمیری قەتەر، کە یەکەم سەرۆکی دەوڵەتە لەدوای ڕووخانی ئەسەدەوە سەردانی سوریا بکات.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، سەرۆک وەزیران و فەرمانڕەوای دیفاکتۆ لە ژێر دەسەڵاتی باوکە بەتەمەنەکیدا، لە پیامێکی جیاوازدا پیرۆزبایی خۆی پێشکەش بە جۆلانی کردووە.

هەفتەی ڕابردوو وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعودیە سەردانی دیمەشقی کرد و بەڵێنی یارمەتی دا بۆ دەستەبەرکردنی هەڵگرتنی سزا نێودەوڵەتییەکان کە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەسەددا سەپێندرابوون.

هاوتا سوریاییەکەی لە سەرەتای مانگی یەکدا بۆ یەکەمین گەشتی فەرمی دەرەوەی وڵات سەردانی ڕیازی کرد.

شەرع مانگی ڕابردوو بە کەناڵی ئەلعەرەبیەی ڕاگەیاند، سعودیە "بە دڵنیاییەوە ڕۆڵێکی گەورەی دەبێت لە داهاتووی سوریادا"، ئاماژەی بە "دەرفەتێکی گەورەی وەبەرهێنان بۆ هەموو وڵاتانی دراوسێ" کرد.

سەرچاوە: فرانس پرێس، ڕۆیتەرز