Accessibility links

جۆلانی: کۆماری ئیسلامی ئێران و حزبوڵای لوبنان لە سوریا بوونیان نەماوە

ئەحمەد ئەلشەرع ناسراو بە جۆلانی سەرۆکی دیفاکتۆی حکومەتی سوریا ڕۆژی پێنجشەممە 16ی مانگی یەک ڕایگەیاند وڵاتەکەی ئامادەیە پێشوازی لە هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات بۆ چاودێریکردنی ئەو ناوچەی پارێزراو کە نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ ئیسرائیل دیارییکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد پێشڕەوی ئیسرائیل لەسەر خاکی سوریا بەهۆی بوونی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و حزبوڵای لوبنان بووە، ئاماژەی بەوەشکرد " ئەوان دوای ئازادکردنی دیمەشق بە هیچ شێوەیەک لە سوریا بوونیان نەماوە."

محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئالسانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر کە ڕۆژی پێنجشەممە گەیشتە دیمەشق، هەروەها لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا شانبەشانی ئەحمەد ئەلشەرع ڕەخنەی لە پێشڕەوییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەی پارێزراو گرت و داوای کشانەوەی خێرای هێزەکانی کرد.

مانگی ڕابردوو ئیسرائیل یەکە سەربازییەکانی ڕەوانەی ناوچەی پارێزراو کرد کە بەدرێژایی بەرزاییەکانی جۆلان دەڕوات و سوریا و ئیسرائیل لەیەکتر جیادەکاتەوە.

ئەم ناوچەیە بە فەرمی وەک ناوچەیەکی ناسەربازی وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی ئاگربەست بە ناوبژیوانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1974 دەستنیشان کراوە.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێشتر جەختی لەوە کردبووەوە کە هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچەی ئەمنی سنووری سووریا، بەتایبەتی لە لوتکەی چیای هرمون، "تا ئەو کاتەی ئاسایشی ئیسرائیل مسۆگەر دەکرێت، دەمێننەوە".

کۆماری ئیسلامی ئێران ساڵانێکە لایەنگرێکی سەرەکی ڕژێمی بەشار ئەسەد بووە و سووریا وەک ڕێڕەوێکی وشکانیی گرنگ بۆ گواستنەوەی چەک بۆ گرووپی حیزبوڵا کەڵک وەردەگرێت و چالاکیی بەرفراوانی لە ناوچەکەدا هەبووە.

ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵی بەریتانی هەفتەی ڕابردوو بڵاوی کردەوە کە زۆربەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا لە سووریا کشاونەتەوە و گرووپە چەکدارە جۆراوجۆرەکانیش کە لە لایەن ڕژێمی تاران پشتیوانی دەکران لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد هەڵوەشاونەتەوە.

کشانەوەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سوریا لە لایەن زۆرێک لە شرۆڤەکارانی سیاسییەوە بە کۆتایی هەوڵە دەیان ساڵەکەی ڕێژیمی تاران دادەنرێت بۆ ئیستغلالکردنی سوریا وەک ناوەندێکی ستراتیژی ناوچەیی بۆ فراوانکردنی نفوزی خۆی و هەڵگیرسانی شەڕی بە وەکالەت لە دژی ئەمەریکا و ئیسرائیل.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

This item is part of
XS
SM
MD
LG