زریانی میڵتن ڕۆژی پێنجشەممە بە پلەی 3 کە خێرایی باکەی 120 میل لە کاتژمێرێکدا بوو، گەیشتە کەناراوەکانی ویلایەتی فلۆریدا و بە گەردەلوولە کوشندەکانی ماڵەکانی ئەو ویلایەتەی وێران کرد و کارەبای زیاتر لە 3 ملیۆن ماڵی پچراند، بەڵام پێدەچێت کەناری تامپا لەو لافاوە کارەساتبارەی پێشبینی دەکرا، ڕزگاری بووبێت.
بۆ دیاریکردنی ئاستی مەترسیداربوونی زریانەکان، پێنج پلە دیاری کراوە. پلەی پێنج واتە بای بەردەوام بە خێرایی زیاتر لە 251 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.
جەین کاستۆر سەرۆکی شارەوانی تامپا بەیانی پێنجشەممە وتی دەسەڵاتداران چاوەڕێی ئەوە بوون کە ڕووبارەکان بەرزببنەوە بەڵام تا ئێستا ئاستی ئاوەکە لە خوار ئەو ئاستەیە کە دوو هەفتە لەمەوبەر لە زریانی هێلیندا بەرز ببووە.
بەرپرسانی ویلایەتی فلۆریدا بەیانی رۆژی پێنجشەممە ڕایانگەیاندووە تا ئێستا چوار کەس لە ویلایەتی سانت لوسی بەهۆی ئەو گەردەلوولانەی کە لە ئەنجامی زریانی میڵتن دروستبوون، گیانیان لەدەستداوە.
تا سەرەتای پاشنیوەڕۆی چوارشەممە، هێڵە ئاسمانییەکان نزیکەی 1900 گەشتیان هەڵوەشاندوەتەوە.
پاشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە زیاتر لە 60%ی بەنزینخانەکانی تامپا و سانت پترسبۆرگ بێ سووتەمەنی بوون. پارێزگاری ویلایەتەکە، دیسانتیس، وتی دابینکردنی سووتەمەنی گشتی ئێستا باشە و کارمەندانی ڕێگاوبانەکان یارمەتی بارهەڵگرە تانکەرەکان دەدەن بۆ پڕکردنەوەی سووتەمەنی.
بەرپرسانی شاری سانت پترسبۆرگی ویلایەتی فلۆریدا، باران بارینی شارەکەیان بە حاڵەتێک کە "لە هەزار ساڵدا جارێک" ڕوودەدات، وەسفکردووە و ماوەی سێ کاتژمێرە لە ناوچەکەدا باران دەباری.
سەرچاوە/ڕۆیتەرز
زریانی میڵتن بە پلەی سێ دەگاتە کەنارەکانی ڕۆژئاوای فلۆریدا
Aftermath of Hurricane Milton's landfall, in Venice